بەڕۆژووبوونی پچڕپچڕ کاریگەر و تەندروستە؟
بە درێژایی مێژوو، بەڕۆژووبوون و خۆگرتنەوە لە خواردن یەکێک بووە لە پایە گرنگەکانی ئایینەکان. ئێستا، بەڕۆژووبوونی پچڕپچڕ، کە پێشیدەگوترێت بەڕۆژووبوونی زانستی و بە جۆرێکی دیکە دەکرێت، ناوبانگێکی زۆری پەیداکردووە و بۆ کێشدابەزاندن بەکاردەهێنرێت. بە گوێرەی راپرسییەکی زانستی، لە ساڵی 2024دا، نزیکەی لە سەدا 13ی خەڵکی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا پەیڕەوی ئەم شێوازی خواردنەیان کردووە.
لە کوردستانیش، هەرچەندە ئامار و راپرسیی وردمان نییە، بەڵام چەند ساڵێکە پەیڕەوکردنی ئەم شێوازە خواردنە زیادیکردووە و خەڵكێکی زۆر بە شێوازێکی پچڕپچڕ، بۆ ماوەی چەند کاتژمێرێکی دیاریکراو، رۆژانە خۆیان لە خواردن دەگرنەوە. بەڵام ئایا ئەم شێوازی خواردنە تەندروستە؟ هیچ زیانێکی نییە؟ ئایا کاریگەرە بۆ دابەزاندنی کێش؟ مارک ماتسن، هەڵگری بڕوانامەی دکتۆرا و پرۆفیسۆر لە زانستی دەمارناسیدا لە زانکۆی جۆن هۆپکینس، سەبارەت بەم شێوازی خواردنە دەڵێت: "گۆڕانکاری لە ماوەی وزەی نەرێنییەوە بۆ وزەی ئەرێنی لە رۆژێکدا، کارێکی تەندروستە و بۆ تەندروستیی مێشکیش باشە." بێگومان مەبەست لە وزەی نەرێنی، ئەو کاتەیە کە کەسێک هیچ ناخوات یان وەرزش دەکات و وزەی ئەرێنیش بە مانای ئەو کاتە دێت کە کەسەکە خواردن دەخوات و پشوودەدات.
گرنگە ئەوەش بزانرێت کە بەڕۆژووبوونی پچڕپچڕ جۆرێکی رێجیم نییە، چونکە شێوازی پەیڕەوکردن لێی لەژێر پێناسەی رێجیمدا جێی نابێتەوە، چونکە کاتێک دەگوترێت رێجیم باس لەوە دەکرێت کە چی دەخورێت و بڕی چەند لەو خواردنە دەخورێت. بەڕۆژووبوونی پچڕپچڕ لەم پێناسەیەدا جێینابێتەوە، چونکە پەیوەندیی بە جۆر و بڕی خواردنەوە نییە، بەڵکو پەیوەندیی بە رێکخستنی کاتی خواردن و نەخواردنەوە هەیە.
بەڕۆژووبوونی پچڕپچڕ چەند جۆرێکی جیاوازی هەیە، باوترین جۆری ئەوەیە کە کەسەکە کاتێکی دیاریکراوی هەیە لە رۆژەکەدا کە خواردن دەخوات و کاتێکی دیاریکراویش هەیە کە خواردن ناخوات. جۆرێکی دیکە، بەڕۆژووبوونی رۆژ نا رۆژە، کەسەکە رۆژێک خواردن دەخوات و رۆژی دواتر خواردن ناخوات. جۆرێکی دیکە جۆری پێنج بە دووە، کەسەکە پێنج رۆژ بە شێوەیەکی ئاسایی خواردن دەخوات و دوو رۆژ لە هەفتەیەکدا، بڕی کالۆریی رۆژانە کەمدەکاتەوە.
پرۆفیسۆرەکەی زانکۆی جۆن هۆپکیسن لەم بارەیەوە دەشڵێت: "باوانمان پێویستیان بەوە بووە بۆ پەیداکردنی خواردن راوبکەن. خواردن بەردەوام ئامادەنەبووە و بە شێوەیەکی پچڕپچڕ ئامادەبووە. ئەو کاتانەی خواردنیان لەبەردەستدا نەبووە، وزەیان کەمبووە و پێویستیان بە سەرفکردنی وزە بووە بۆ گەڕان و پەیداکردنی ژەمی دواتریان. ئەمەش بووەتە هۆی گواستنەوەی جینەکانیان بۆ نەوەکانی پاش خۆیان."
ئەم شێوازی خواردنە لە رووی زانستییەوە سوودی هەیە و یارمەتیدەریشە بۆ لەدەستدانی کێش، بە گوێرەی ئامارەکان، ئەگەر کەسێک رۆژانە تەنیا 11کاتژمێر خواردن بخوات، کەسەکە لە کۆتایی مانگە حەوت هەزار – 15هەزار کالۆری کەمتر وەردەگرێت.
12/02/2025