رۆژی جیهانیی هۆشیاریی کەمخوێنییە

لە کەمخوێنیدا ژمارەی خرۆکە سوورەکان کەمدەبنەوە
لە کەمخوێنیدا ژمارەی خرۆکە سوورەکان کەمدەبنەوە

کەمخوێنی گفرتێکی تەندروستییە کە ژمارە خرۆکە سوورەکان کەمترن لە دۆخی ئاسایی. ئەمەش بە مانای ئەوە دێت کە ئۆکسجینی کەمتر بە جەستەدا بڵاودەبێتەوە. 13ی شوباتی هەموو ساڵێکیش وەکو رۆژی هۆشیاریی تایبەت بە کەمخوێنی ناسێنراوە.

کەمخوێنی گرفتێکی باوە، پێچەوانەی گرفتە تەندروستییەکانی دیکە کە راستەوخۆ چارەخواز بە دوای چارەسەرکردنی هۆکارەکەیدا دەگەڕێت، کەمخوێنی بە گشتی و کەمخوێنیی کەمی ئاسن بەتایبەت، یەکێکە لەو حاڵەتانەی رەنگە نیشانەی دیاریکراو دروستنەکەن، بەڵام دەکرێت کاریگەریی گەورە لەسەر ژیانی کەسێک جێبهێڵن.

لە جیهاندا، لە هەر چوار کەسێک یەکێکیان کەمخوێنیان هەیە. ئەو چینانەی کۆمەڵگەش کە زۆرترین مەترسیی توشبوونیان لەسەرە منداڵانی تەمەن شەش بۆ پەنجا و نۆ مانگ، خانمانی دووگیان و ئەو خانمانەی کە تازە منداڵیان بووە و کچانی تازەپێگەیشتوو کە لە سەرەتای دەستپێکردنی سوڕی مانگانەیاندان.

بە گوێرەی ئامارەکانی رێکخراوی تەندروستیی جیهانی، لە منداڵانی خوار تەمەن پێنج ساڵدا، لە سەدا 42یان و لە خانمانی دووگیاندا لە سەدا 40یان لە جیهاندا کەمخوێنییان هەیە. ئەمەش واتا لە پێنج منداڵ و خانمی دووگیان، دووانیان کەمخوێنیان هەیە.

دیاریکردنی رۆژێک بۆ بڵاوکردنەوەی هۆشیاری سەبارەت بە کەمخوێنی گرنگە بۆ تیشکخستنە سەر نەخۆشییەک و گرفتێکی تەندروستی کە دەکرێت کاریگەریی لەسەر ژیانی ژمارەیەکی زۆر لە خەڵکی هەبێت. ئەگەر کەمخوێنی چارەسەر نەکرێت، مەترسییەکانی لەسەر تەندروستیی کەسەکە زۆرن و رەنگە مەترسی لەسەر ژیانی دایکان و کۆرپە دروستبکات.

دیارترین هۆکارەکانی کەمخوێنی لە منداڵ و خانماندا لە جیهاندا بریتینلە: خوێنلێڕۆشتنی زۆر، خراپیی سیستمی خۆراک، ناڕێکییە بۆماوەییەکان، سیل و مەلاریا.