تەواوکەری خۆراکی بۆ چارەسەری شیزۆفرینیا بەکاردێت

بەکتریا سوودبەخشەکان
بەکتریا سوودبەخشەکان

پرۆبایۆتیکەکان ئەو زیندەوەرە بچووکانەی جەستەی مرۆڤن کە پێچەوانەی زەرەر و زیانی تەندروستی، سوودیان هەیە و بۆ تەندروستیی خانەکانی جەستە بەسوودن. توێژینەوەکان لە دوو دەیەی رابردوودا لەسەر پرۆبایۆتیکەکان ئێجگار زۆرن، یەکێک لەو بەشانەی زانستیی پزیشکیش کە گرنگییەکی زۆر بە پرۆبایۆتیکەکان دەدات، پزیشکیی دەروونییە.

توێژینەوە زانستییەکانی پێشوو ئەوەیان سەلماندووە کە پرۆبایۆتیکەکان، یاخود بەکتریا سوودبەخشەکان و هاوسەنگییان لە جەستەدا، کاریگەریی لەسەر پەشێویی خەمۆکی هەیە و ئەو کەسانەی خەمۆکییان هەیە، بە وەرگرتنی چارەسەری دژە خەمۆکی و لەگەڵیدا پرۆبایۆتیک، نیشانەکانیان کەمتر دەبێتەوە و خەمۆکییەکەیان سووکتر دەبێت.

لە توێژینەوەیەکی نوێشدا، ئەوە سەلمێنراوە کە بەکتریا سوودبەخشەکان دەکرێت لە چارەسەری شیزۆفرینیاشدا بەکاربهێنرێن، کە یەکێکە لە پەشێوییە دەروونییە توندەکان، بە جۆرێک کاریگەریی گەورە لەسەر ژیانی رۆژانەی کەسەکە جێدەهێڵێت. ئەمەش هەنگاوێکی گەورەیە لە چارەسەری پەشێوییەکەدا، چونکە دەکرێت چارەسەرێکی نوێ زیادبکرێت بۆ چارەسەرە کلاسیکییەکانی شیزۆفرینیا و پەشێوییە هاوشێوەکانی. لەم توێژینەوەیەدا، کار لەسەر دۆزینەوەی کاریگەرییەکانی پرۆبایۆتیک کراوە لە باشترکردنی نیشانەکانی شیزۆفرینیادا. هاوکات، گرنگە بزانرێت کە لەم توێژینەوەیەدا، پرۆبایۆتیک تاکە چارەسەر نەبووە کە دراوە بە نەخۆشەکان، بەڵکو لە پاڵ وەرگرتنی دەرمانی دژە-سایکۆسسدا دراوە بە نەخۆشەکان، وەکو چارەسەری پاڵپشت، نەک چارەسەری تەنیا.

لەم توێژینەوەیەدا، کە مێتا-ئەنالسسە و فراوانترین جۆری توێژینەوەیە و کۆکراوەی چەندین توێژینەوەی لە خۆی بچووکترە، هەڵسەنگاندن بۆ کاریگەریی پرۆبایۆتیک کرا لەسەر نیشانە ئەرێنی و نەرێنییەکانی شیزۆفرینیا. نیشانە ئەرێنییەکانی شیزۆفرینیا بریتینلە: ناڕێکیی شێوازی ئاخاوتن، رەفتاری نامۆ، هەلوەسەکردن و هەبوونی وەهم. نیشانە نەرێنییەکانیش بریتینلە: هەژاریی دەربڕین، دوورکەوتنەی کۆمەڵایەتی، نەمانی حەزی هەوڵدان و چێژوەرنەگرتن لەو شتانەی کە پێشتر چێژی لێوەرگرتوون.

دەرەنجامی توێژینەوەکە ئەوەی سەلماند کە بەکارهێنانی تەواوکەری خۆراکیی پرۆبایۆتیک کاریگەرە بۆ باشترکردنی نیشانەکانی شیزۆفرینیا. هەرچەندە، توێژینەوەکە ئاماژەی بەوەش کردووە کە هێشتا ناتوانین دەرەنجامی کۆتایی بەدەستبهێنین و توێژینەوەی زیاتر پێویستە بۆ گەیشتنە ئەو قۆناغەی پزیشکان پرۆبایۆتیک بۆ نەخۆش بەکاربهێنن.