لەم پەشێوییە دەروونییەدا کات خێرا تێدەپەڕێت
پەشێویی دووجەمسەری، ئەو حاڵەتە دەروونییەیە کە کەسێک نیشانەکانی خەمۆکی و شادیی لەڕادەبەری لە کاتی جیاوازدا دەبێت. ئەمەش چەند کاریگەرییەکی پزیشکی، دەماری و کۆمەڵایەتی لەسەر کەسەکە جێدەهێڵێت.
توێژینەوەکان لەسەر پەشێویی دووجەمسەری زۆرن، هەریەکێکیان تیشک دەخەنە سەر کایەیەکی دیاریکراوی پەشێوییەکە و بە وردی لە لایەنێکی دەکۆڵنەوە. لە توێژینەوەیەکی نوێدا، پێوانە بۆ هەستی کات کراوە لەو کەسانەی شادیی لەڕادەبەر یان خەمۆکییان هەیە و بەراورد کراون بە کەسانی ئاسایی، کە لە مەزاجێکی ئاساییدان و هیچ پەشێوییەکی دەروونییان نییە.
هەستکردن بە کات لە هەندێک لە پەشێوییە دەروونییەکاندا گۆڕانکاریی بەسەردادێت، دەکرێت کەسێک بە هۆی نەخۆشییەکەیەوە وا هەستبکات کە کات خێرا تێدەپەڕێت، یان خاو تێدەپەڕێت، ئەمەش رەنگدانەوەی نیشانەکانی دیکەی نەخۆشەکەیە و پەیوەندیی بە شێوازی ئاخاوتن، بیرکردنەوە و هەستەکانی نەخۆشەکەوە هەیە.
لەم توێژینەوەیەدا، کە کۆکراوەی چەندین توێژینەوەی پێش خۆیەتی، هەستی کات و هەڵسەنگاندنی نەخۆش بۆ تێپەڕینی کات پێوانەکرا. بە جۆرێک کە تەنانەت تێپەڕینی چرکەش گرنگیی پێدرا.
دەرەنجامەکان ئەوەیان نیشاندا کە ئەو نەخۆشانەی دووجەمسەرییان هەیە، بە گوێرەی نۆبەی نەخۆشییەکەیان، هەستی کاتیشیان گۆڕانکاریی بەسەردادێت. لە نۆبەی شادیی لەڕادەبەردا، کات خێراتر تێدەپەڕێت و نەخۆشەکان پێیانوایە بە خێرایی بە چرکەکاندا تێدەپەڕن و لە کاتی ئاسایی خێراتر تێدەپەڕێت. هاوکات، لە نۆبەی خەمۆکیدا، کات خاوتر تێدەپەڕێت بەراورد بە دۆخی ئاسایی.
ئەم دەرەنجامانە رەنگە هاوکاریی پزیشکان بکەن لە پرۆسەی دەستنیشانکردندا، چونکە دەتوانن جیا لەو نیشانە سەرەکیانەی کە پێشتر بەکاردەهێنران بۆ ناسینەوەی نیشانەکان، دەکرێت هەستی کاتیش بەکاربهێنرێت بۆ دەستنیشانکردنی وردتری نەخۆشییەکە، ئەمەش تێگەیشتنمان بۆ خێرایی بیرکردنەوەی ئەو نەخۆشانە رێکدەکاتەوە کە پەشێویی دووجەمسەرییان هەیە.
16/02/2025