چی روودەدات کاتێک بنێشتێک قوتدەدەین؟

گران جاف 19/02/2025

زۆرجار دەبیستین کە گەورەساڵان بە منداڵان دەڵێن ئەو بنێشتەی دەمت قوتنەدەیت، ئەگەرنا بۆ ماوەی حەوت ساڵ لە ناوسکتدا دەمێنێتەوە و تووشی هەزار دەردت دەکات. ئایا ئەمە راستە؟

لەوانەیە هەمووان رۆژێک لە رۆژان بەسەریاندا هاتبێت کە بنێشتێکیان لە دەمە و نازانن چۆن فڕێی بدەن و ناچار قوتیدەدەن، یان لەکاتی وانەکاندا مامۆستایەک لەوانەیە لەو قوتابییە توڕەببێت کە بنێشت دەجوێت و لەو ساتەدا قوتابییەکە بەخێرایی بنێشتەکە قوتبدات.

ئایا قوتدانی بنێشت زیان بە تەندروستی دەگەیەنێت؟

نەخێر، قوتدانی بنێشت مەترسیی لەسەر تەندروستیی کەسانی تەندروست دروستناکات، بەڵام وا باشترە نەشکرێت بە خوو.
قوتدانی پارچەیەک لە بنێشت جارجارە، مەترسیی دروستناکات و لە رێی پیساییەوە دەردەدرێتە دەرەوە، ئەمە بەتایبەتی بۆ ئەو کەسانە راستە کە کۆئەندامی هەرسیان تەندروستە و هیچ گرفتێکی نییە، بەڵام ئەگەر کەسێک نەشتەرگەریی رێڕەوی هەرسی بۆ کرابێت یان پێشتر رێڕەوی هەرسی گیرابێت، ئەوا باشترە بنێشت قوتنەدات.

ئایا بەڕاستی پاش قوتدانی بنێشت بۆ ماوەی حەوت ساڵ لە گەدەدا دەمێنێتەوە؟

نەخێر بنێشت نەک بۆ حەوت ساڵ تەنانەت بۆ ماوەی حەوت رۆژیش لە گەدەدا نامێنێتەوە و پاش نزیکەی 40 کاتژمێر لە قوتدانی، جەستە دەریدەکاتە دەرەوە.
بنێشت هیچ بەهایەکی خۆراکیی نییە(مەبەست لێرەدا تەنیا لە بنێشتەکە خودی خۆیەتی نەوەک ئەو تام و شەکرەی بەکاردەهێنرێت لە بەتامکردنی بنێشتدا) و کۆئەندامی هەرس بە هیچ جۆرێک ناتوانێت هەرسی بکات، بەڵام ئەمە ئەوە ناگەیەنێت کە بنێشتەکە لە ناو گەدەدا دەمێنێتەوە.

پسپۆڕان دەڵێن بەهۆی ئەوەی جەستە بنێشت هەرس ناکات، پاش ماوەیەکی کورت بنێشتەکە وەکو خۆی لە پیساییەوە دەکرێتە دەرەوەی جەستە و بە تەواوی بیرکردنەوەیەکی هەڵەیە ئەگەر کەسێک پێی وابێت کە بنێشت بۆ ئەو ماوە درێژە لە جەستەدا دەمێنێتەوە.

ئایا هیچ خۆراکێک هەیە رۆژانە لە ژەمەکاندا هەبن و هاوشێوەی بنێشت جەستە نەتوانێت هەرسیبکات؟

بەڵێ، لەوانەیە لات سەیربێت، بەڵام بەشێک لەو خۆراکانەی کە رۆژانە لەوانەیە لە ژەمەکاندا هەبن، هاوشێوەی بنێشت جەستە ناتوانێت هەرسیان بکات، وەکو ناوکی میوەکان، ناوکی گەنمەشامی و هەندێک خۆراکی دیکە.

چ کاتێک پێویستە سەردانی پزیشک بکرێت؟

راستە قوتدانی پارچەیەکی بچوکی بنێشت بێزیانە، بەڵام ئەگەر کەسەکە پارچەیەکی زۆر گەورەی قوتدابێت یان زوووزوو بنێشت قوتبدات، ئەوا دەکرێت رێڕەوەی هەرسی کەسەکە بگیرێت.

گیرانی رێڕەوی هەرسیش لەخۆوە چاکنابێت و بەرنابێت، ئەگەر چارەسەریش نەکرێت ئەوا دەبێتەهۆی تەقینی رێڕەوی هەرس و مەترسیی لەسەر تەندروستیی کەسەکە دروستدەکات.

ئەگەر پاش قوتدانی بنێشت کەسەکە تووشی ئەم نیشانانە بوو پێویستە سەردانی پزیشک بکات:

  • ئازاری سک
  • قەبزی
  • هەستکردن بە تێرییەکی زۆر و ئاوسان
  • رشانەوە
  • پێچ بە سکدا هاتن
گران جاف

19/02/2025