روبیۆ: هیچ شتێک دەربارەی شەڕی ئۆکرانیا یەکلانەبووەتەوە
مارکۆ روبیۆ، وەزیری دەرەوەی ئەمریکا، سەبارەت بە کۆتاییهێنان بە شەڕی ئۆکرانیا رایگەیاند، هێشتا هیچ یەکلانەبووەتەوە، پرۆسەی ئاشتی بە پەیوەندییەکی تەلەفۆنی و کۆبوونەوەیەک نایەتەدی.
لە چاوپێکەوتنێکدا لەگەڵ تۆڕی ئێن بی سی کە رۆژی یەکشەممە پەخشکرا، ئاماژەی بەوەکرد، هەرکاتێک دانوستاندنە راستەقینەکان دەستیانپێکرد، ئەوکات دەبێت ئۆکرانیاش بەشداربێت.
وەزیری دەرەوەی ئەمریکا گوتی ، با روون بین، تاوەکو ئێستا هیچ پەیوەندی و گرنگی پێدانێک لە لایەن ئێرانەوە، سەبارەت بە هەر رێککەوتنێک بەدینەکراوە. زۆرم پێخۆش دەبێت رۆژێک لە خەو هەستم و ئەو هەواڵە ببیستم کە ئێران بڕیاریداوە واز لە چەکی ئەتۆمی بهێنێت و چیدیکە پشتگیریی تیرۆر نەکات، دووبارە وەک حکومەتێکی ئاسایی تێکەڵ بە جیهان ببێتەوە، بەڵام نەک هەر ئێستا بەڵکو ماوەی 30 ساڵە ئێمە هیچ ئاماژەیەکمان لەوبارەوە بەدی نەکردووە.
لە وەڵامدا بۆ ئەوەی ڤۆڵۆدیمیر زێلێنسکی، سەرۆکی ئۆکرانیا گوتبووی، کە ناتوانرێت لە دانوستانەکاندا متمانە بە پوتن بکرێت، روبیۆ گوتی، لە سیاسەتدا کەس متمانەی بە بەرامبەرەکەی نییە، راشیگەیاند، چەند رۆژ یان چەند هەفتەی داهاتوو دیاریدەکات کە ئایا پوتن جدییە یان نا.
ئاماژەی بەوەشکرد، هێشتا هیچ شتێک یەکلایی نەبووەتەوە، ئامانجی ئەوانیش دۆزینەوەی دەرچەیەکە بۆ ئەنجامدانی گفتوگۆیەکی فراوانتر، کە ئۆکرانیاش بەشداری بکات و تیایدا بڕیاری کۆتاییهاتنی شەڕ بدرێت.
بڕیارە لە چەند رۆژی داهاتوودا، وەزیری دەرەوەی ئەمریکا سەرکردایەتیی تیمێکی باڵای ئەمەریکا بکات بۆ گفتوگۆکردن لەگەڵ بەرپرسانی رووسیا لە ریازی پایتەختی سعودیە، هێشتا روون نییە کە ئایا ئۆکرانیا لەو کۆبوونەوەیەدا بەشدار دەبێت یان نا، روبیۆش گوتی لەوە دڵنیانین کە شاندەکەی مۆسکۆ لە کێ پێکدێن.
16/02/2025