جەستەت ئەو کەسە هەڵدەبژێرێت کە خۆشتدەوێت بەر لەوەی مێشکت هۆکارەکەی بزانێت

مێشکت پێش خۆت بڕیاردەدات
مێشکت پێش خۆت بڕیاردەدات

کۆئەندامی دەماری مرۆڤ وەکو کامێرا یان سیستمێکی چاودێری کاردەکات کە بەردەوام کارایە و لە چاودێریی بەردەوامدایە. هاوکات، بە دوای ئاماژەکانی ئارامی، سەقامگیری و مەترسیدا دەگەڕێت لە کەسانی چواردەوریدا، ئەمەش لەڕێی ئاماژەکانی دەموچاوی کەسانی چواردەوری، تۆنی دەنگیان و زمانی ئاماژەیانەوە.

ئاگایی مرۆڤ، بیرکردنەوەکانی، چیرۆکەکان و هەستەکانی لە دۆخی کاتیی کۆئەندامی مێشک و دەمارییەوە سەرچاوە دەگرێت. ئەو بەشەی مێشکی مرۆڤ، کە پێیدەگوترێت مێشکە خشۆک، واتا هاوشێوەی ئەو بەشەی مێشکە کە لە گیانلەبەرە خشۆکەکانیشدا هەیە، لەڕێی چاودێریکردنی هەستە ناوەکی و دەرەکییەکانەوە دۆخی سەقامگیری و مەترسیی مرۆڤ دیاریدەکات. ئەمەش لە هەست و بیرکردنەوەکانماندا رەنگدەداتەوە.

ئەم دۆزینەوە زانستییانە، چەند شتێکی گرنگ سەبارەت بە مێشکی مرۆڤ دەسەلمێنن، وەڵامی ئەو پرسیارەشمان دەدەنەوە کە بۆچی هەندێجار، بەر لەوەی کەسێکیش بە باشی بناسین، تەنیا لەڕێی بینینیانەوە بڕیاردەدەین کە ئایا هەست بە سەلامەتی دەکەین لە چواردەوری ئەم کەسە یان هەست بە مەترسی و نائارامی دەکەین. مرۆڤ هەندێجار ئەم بڕیارە دەدات تەنانەت بەر لەوەی هیچ وشەیەکیش گوترابێت.

مرۆڤ بەر لەوەی ئاگامەندانە بیر لە چەمکی سەلامەتی بکاتەوە، مێشک و جەستەی بڕیارەکەیان داوە. دەماری ڤەیگەس رۆڵێکی گرنگی هەیە لەم کارەدا، چونکە مێشک دەبەستێتەوە بە دڵ، سییەکان و کۆئەندامی هەرسەوە، ئەمەش رێڕەوێکی گواستنەوەی زانیاری دروستدەکات کە کاریگەریی دەبێت لەسەر کاردانەوەمان بۆ کەسانی دیکە. لەبەر ئەم هۆکارەیە کاتێک لەگەڵ یەکێکدا لە پەیوەندیداین، هەموو جەستەمان هەستی پێدەکات.

مرۆڤ کاتێک هەست بە سەلامەتی دەکات، ئەم شتانە لە جەستەیدا روودەدات: لێدانی دڵ رێک دەبێت، هەناسەدان قوڵتر دەبێت، ماسولکەکانی دەموچاوی خاو دەبنەوە، تۆنی دەنگ ئارامتر و گەرمتر دەبێت و جەستە خۆی بۆ بەستنی پەیوەندی ئامادە دەکات. بە پێچەوانەی ئەم کاردانەوانەوە، هەستی مەترسیی و ئەگەری روودانی زەبری دەروونی گۆڕانکاری بەسەر ئەو خاوبوونەوە و ئارامبوونەوەیەی جەستەدا دەهێنێت، ئەگەر کەسێک لە رابردوویدا توشی مەترسی بوبێت، جەستەی بەردەوام لە ئامادەباشیدا دەبێت، ئەمەش وادەکات نەتوانێت بە ئاسانی هەستی ئارامی و سەلامەتی لە کەسانی دیکەوە وەربگرێت و لە دروستکردنی پەیوەندییەکانیدا دڵنیاببێتەوە.

هەر کاتێکیش مرۆڤ پەیوەندییەکی دروستی لەگەڵ کەسێکی دیکەدا هەبوو، پەیوەندییەکە دەبێتە ئەزموونێک و کاریگەریی لەسەر ئەگەرەکانی دواتریشی دەبێت. لەبەر ئەم هۆکارانەیە کە پەیوەندییەکی تەندروست نەک هەر لە ئاستە کۆمەڵایەتییەکەدا، بەڵکو لە ئاستە بایۆلۆجییەکەشدا کاریگەریی گەورەی هەیە و هەستی چاکبوونەوە و ئارامی بە مرۆڤ دەبەخشێت.