ئەو گۆڕانکارییە ئاسایی و نائاساییانە چین کە دەکرێت لەماوەی دووگیانیدا بەسەر مەمکدا بێن؟

گران جاف 20/02/2025

ئەو گۆڕانکارییانەی لەماوەی دووگیانی و پاش دووگیانیدا بەسەر جەستەی خانمێکدا دێن زۆرن، و بەشێکیان لە مەمکدا دەردەکەون و دەکرێت ئاسایی بن، بەڵام دەشکرێت هەندێک گۆڕانکاری ئاسایی نەبن و خانمان پشتگوێیان بخەن. کەواتە چۆن ئەم جیاوازییە بکرێت؟

گۆڕانکارییەکانی ماوەی دووگیانی

ئەم گۆڕانکارییانە دەکرێت هەر لەسەرەتای دووگیانییەوە دەربکەون و تاوەکو قۆناغی کۆتایی بەردەوامبن، هۆکاری بەشێکی زۆریشیان بۆ گۆڕانکارییە هۆرمۆنییەکان و زیادبوونی سووڕی خوێن دەگەڕێتەوە.

ئەو نیشانە سەرەتاییانەی بەسەر مەمکدا دێن

  • دروستبوونی ئازار لەکاتی دەستلێداندا
  • گەورەبوونی خێرای مەمک
  • قورسبوونیان
  • دەرکەوتنی خوێنهێنەر( رەنگی شینیان هەیە) لە ژێر پێستی مەمکدا

لە سێ مانگی دووەمدا باوترین گۆڕانکارییەکان بریتینلە:

  • هەبوونی دەردراوی گۆی مەمک
  • تۆخبوونی رەنگی پێستی دەوروبەری گۆی مەمک
  • هەستکردن بە هەبوونی گرێ تیایاندا بەهۆی گیرانی بۆرییەکانی شیرەوە

لە سێ مانگی کۆتایی دووگیانیشدا باوترین نیشانەکان دەکرێت گەورەبوونی بەردەوامی قەبارە و دەردراوی گۆی مەمک بن، هەروەها پێستی مەمکیش بەهۆی گەورەبوونیانەوە دەکشێت و خەتی کشان دروستدەکات.

گۆڕانکارییەکانی پاش دووگیانی

لەپاش منداڵبوون، ئەو گۆڕانکارییانەی بەسەر مەمکدا دێن بەردەوامدەبن، باوترینیشیان بریتینلە:

دەردراو

لە پاش نزیکەی سێ بۆ پێنج رۆژ لە منداڵبوون، شیر لە مەمکی خانمەکە دێت کە بە ژەک دەستپێدەکات( شلەیەکی زەردی خەستە).

بەشێک لە خانمان لە سەرەتای شیرداندا هەست بە هەبوونی دەردراو دەکەن، ئەمەش دەکرێت رووبدات کاتێک:

  • منداڵەکە دەگری
  • مەمکیان پڕدەبێت لە شیر
  • هەستیان زۆردەبێت
  • هەندێجار هۆکاری نییە

بە گشتی ئەم دەردراوە لە ماوەی چەند هەفتەیەکی کەمدا کەمدەبێت و نامێنیت.

گەورەبوونی مەمک

کاتێک خانمەکە شیری زۆر دەبێت و کۆدەبێتەوە، دەبێتەهۆی گەورەبوونی قەبارەی مەمکی و هەست بە چەند نیشانەیەک دەکات:

  • قورسبوونی مەمک
  • گەرمبوونی پێست
  • هەستکردن بە گرێ لە مەمکدا
  • هەستکردن بە ناڕەحەتی

بۆئەوەی خێرا خانمەکە لەم هەستانە رزگاریببێت، گرنگە زووزوو شیر بە کۆرپەکەی بدات، بەمەش پاش ماوەیەک ئەم هەستکردن بە قورسییە کەمدەبێتەوە، چونکە بەرهەمهێنانی شیر لە خانمەکە وردەوردە دەچێتە سەر سکە.

هەریەکێک لە هەستکردن بە مێروولەکردن و ئازاری مەمک لەکاتی شیرداندا ئاسایین و لەگەڵ تێپەڕبوونی کاتدا کەمدەبنەوە، بە گشتی قەبارەی مەمک تاوەکو خانمەکە لە شیردان دەوەستێت، بە گەورەیی دەمێنێتەوە.

ئایا ئەم گۆڕانکارییانە بۆ هەمیشە دەمێننەوە؟

بەشێک لە خانمان هەستدەکەن کە مەمکیان بە هیچ جۆرێک نەگەڕاوەتەوە سەر دۆخی ئاسایی خۆیان، دەکرێت گەورەتر یان بچوکتر بن، شۆڕببنەوە یان خەتی کشانی زیاتریان تێدا دەربکەوێت. گۆی مەمک لەوانەیە شێوەی زۆر جیاواز بێت و لەوانەیە هەندێک جیاوازییش لە نێوان هەردوو مەمکەکەدا بەدیبکرێن.

لەگەڵ ئەوەی پاش منداڵبوون قەبارەی مەمک بە ئەگەری زۆرەوە وەکو پێش ماوەی دووگیانییەکەی لێدێتەوە، بەڵام زۆرجار شێوەیان بۆ هەمیشە دەگۆڕێت، ئەمەش بۆ ئەوە دەگەڕێتەوە کە گەورەبوونی قەبارەی مەمک لەماوەی دووگیانی و شیرداندا وادەکات پێست بکشێت و بەستەرەکانی سنگ شلببنەوە، بەمەش لەوانەیە پاش دووگیانییەکە بە شێوازێکی هەمیشەیی مەمکی خانمەکە شۆڕببێتەوە.

بەشێک لە خانمان پێیان وایە ئەگەر شیر نەدەن دووچاری ئەم گۆڕانکارییانە نابنەوە، بەڵام ئەمە بیرکردنەوەیەکی هەڵەیە و لەماوەی دووگیانی و پاش منداڵبوونیشدا هەموو خانمێک ئەزموونیان دەکات.

ئەو گۆڕانکارییە نائاساییانە چین کە دەکرێت لە ماوەی دووگیانی یان لەکاتی شیرداندا دەربکەون؟

هەوکردنی رژێنەکانی مەمک

ئەم هەوکردنە لەو رژێنانەی مەمکەوە سەردەگرێت کە گیراون، زۆرینەی کات ئەم هەوکردنە تەنیا لە یەک مەمکدا دەردەکەوێت، نیشانەکان ئەمانەن:

  • ناڕەحەتی
  • رەقبوون و ئاوسانی ناوچەیەکی بچوکی مەمک
  • هەبوونی خەتی سوور لەسەر یەکێک لە مەمکەکان
  • گەرمبوونی پێست لەو شوێنەی رژێنێک گیراوە
  • ئازارێکی زۆر لەو مەمکەدا
  • تا
  • هەبوونی دەردراو یان خوێن لە مەمکەکەدا

لەگەڵ ئەوەی دەکرێت لە هەموو کاتێکدا دەربکەوێت، بەڵام هەوکردنی رژێنەکانی مەمک بە زۆری لەماوەی سێ هەفتەی پاش منداڵبووندا دەردەکەوێت. ئەو خانمانەی شیری خۆیان نادەن بە کۆرپەکانیان دەکرێت پاش ماوەیەکی کەم لە هاتنی شیرەکەیان تووشی ئەم هەوکردنە ببن، ئەمەش لەبەرئەوەی کە شیر نادەن و شیرەکە لەناو رژێنەکانی مەمکیاندا کۆدەبێتەوە و رژێنەکان هەودەکەن.

ئەو هەوکردنانەی مامناوەند یان توندن لەوانەیە پێویستیان بە بەکارهێنانی دژەبەکتریا هەبێت، ئەو خانمانەشی ئەم هەوکردنە پشتگوێدەخەن و بەدەم چارەسەرەکەیانەوە ناڕۆن، دەکرێت تووشی گرێی کێماوی ببن.

هەوکردنی کەڕوویی

ئەو خانمانەی شیر دەدەن بە کۆرپەکانیان دەکرێت تووشی هەوکردنی گۆی مەمک ببن جا لەوانەیە لە هەردوو مەمکیاندا یان تەنیا یەکێکیاندا دەربکەوێت، زۆرجار کاتێک ئەم هەوکردنە روودەدات کە گۆی مەمکەکە قڵیشابێت. نیشانەکان ئەمانەن:

  • خورانی گۆی مەمک
  • ئازار و هەستیاربوون
  • هەبوونی دەردراوی سپی لە گۆی مەمکدا
  • ئازارێکی زۆر لەپاش شیرداندا

ئەم هەوکردنە لەوانەیە بگوێزرێتەوە بۆ کۆرپەکە و ئەم نیشانانەی تێدا دەربکەوێت:

  • دروستبوونی پەڵەی سپی لەسەر زمان و ناو دەمی کۆرپەکەدا
  • ناتوانێت بە ئاسانی شیر بخوات، لەوانەیە بگری و مەمکی دایکی بەربدات
  • سووربوونەوەی دایبی

شێرپەنجەی مەمک

ئەو شێرپەنجانەی مەمک کە بەهۆی دووگیانییەوە دروستدەبن، لەکاتی دووگیانی یان لە ماوەی ساڵێک پاش منداڵبووندا دروستدەبن. بە گوێرەی توێژینەوەکان لە هەر 3000 خانمێکی دووگیاندا یەکێکیان تووشدەبێت.

لە توێژینەوەیەکی ساڵی 2019ـدا دەرکەوتووە کە ئەو خانمانەی تەمەنیان کەمە و تازە منداڵیانبووە، مەترسیی تووشبوونیان بە شێرپەنجەی مەمک زیاتربووە، ئەمە لە کاتێکدایە کە دووگیانبوون لەگەڵ تێپەڕبوونی کاتدا مەترسیی تووشبوون بە شێرپەنجەی مەمک کەمدەکاتەوە.

گرنگە لەکاتی هەبوونی هەریەکێک لەم نیشانانەی خوارەوەدا سەردانی پزیشکی پسپۆڕ بکرێت:

  • هەبوونی گرێیەک کە ئازاری هەیە، لاناچێت و گەورەدەبێت
  • هەبوونی کێم لە گۆی مەمکدا
  • چوونەناوەوە یان چاڵبوونی پێستی مەمک
گران جاف

20/02/2025