تەندروستیی جیهانی: دەرمانی شێرپەنجەی منداڵان دەگەیەنینە هەموو جیهان

وێنە: پەیمانگەی کارۆلینسکا
وێنە: پەیمانگەی کارۆلینسکا

رێکخراوی تەندروستیی جیهانی و نەخۆشخانەی منداڵانی سەینت جود بۆ توێژینەوە دەستیان بە پرۆگرامێکی تایبەت کردووە بۆ گەیاندنی چارەسەری شێرپەنجەی منداڵان بۆ ئەو منداڵانەی لە قۆناغی توندیی نەخۆشییەکەیاندان لە چەند وڵاتێکی جیاواز، وەکو قۆناغی سەرەتاش، چارەسەرەکان دەگەینرێنەوە 2-6 وڵات.

ئەو وڵاتانەی لە قۆناغی یەکەمدا دەرمانەکانیان پێدەگات، مەنگۆلیا و ئۆزبەکستانن، دواتریش هاوکارییە تەندروستییەکان دەگەنە ئیکوادۆر، ئوردون، نیپاڵ و زامبیا. بە گوێرەی هەڵسەنگاندنەکانی رێکخراوی تەندروستیی جیهانی، تا کۆتایی ئەمساڵ، دەرمانی چارەسەری شێرپەنجەی منداڵان دەگەنە 30 نەخۆشخانەی جیاواز و پێنج هەزار منداڵ چارەسەر وەردەگرن.

ئەم پلاتفۆرمە نێودەڵەتییە یەکەمجارە ئەنجامدەدەرێت. ئەو وڵاتانەی لە قۆناغی یەکەمدا دەرمانەکانیان پێدەگات، بە بێ هیچ بەرامبەرێک چارەسەری بەردەوامیان پێدەگات. لە وڵاتانی مامناوەند و کەمدەرامەت، رێژەی چاکبوونەوە و مانەوە پاش توشبوون بە شێرپەنجە لە منداڵاندا لە خوار لە سەدا 30یەوەیە، ئەمەش زۆر کەمترە لەو رێژەیەی لەو وڵاتانەی داهاتیان زۆرە.

ئەو قۆناغە سەرەتای هەوڵێکی ئێجگار گەورەترە و پلانەکە ئەوەیە لە پێنج بۆ حەوت ساڵی داهاتوودا هاوکارییەکان بگەنە 50 وڵاتی جیاواز و 120 هەزار منداڵ لە چارەسەرەکان سوودمەندبن.

ساڵانە 400 هەزار منداڵ لە جیهاندا تووشی شێرپەنجە دەبن. زۆرینەی ئەم منداڵانەش لەو ناوچانەدا دەژین کە دەستیان بە پێداویستییە سەرەکییە پزیشکییەکان ناگات و ناتوانن بە شێوەیەکی بەردەوام چارەسەرەکانیان وەربگرن. بە گوێرەی ئامارەکانیش نزیکەی لە سەدا 70ی منداڵان بە یەکێک لە هۆکارەکانی نەبوونی چارەسەری گونجاو، کەمی دەرمان و خراپیی جۆرێتیی دەرمان بە هۆی شێرپەنجەکەیانەوە گیانلەدەستدەدەن. ئەم پرۆگرامەش هەوڵێکە بۆ چارەسەرکردنی بەشێک لەو گرفتانە.