گەدەت دەزانێت کەی شەوە و کەی رۆژە؟

گەدەت دەزانێت کەی شەوە؟
گەدەت دەزانێت کەی شەوە؟

هەموو کەسێک بیستوویەتی کە خواردنی شەوان خراپە، یاخود خواردن پێش چوونە ناو جێی نووستن خراپە و پێویستە لێیدووربکەوینەوە، بەڵام زۆر کەسیش دەڵێن: "شەوان بە دڵی خۆم شت دەخۆم، گەدەم چوزانێت شەوە." ئایا بەڕاستی گەدە نازانێت کەی شەوە و کەی رۆژە؟ ئایا کاریگەرییەکانی هەمان خواردن لە رۆژ و لە شەودا جیاوازن یاخود وەکو یەکن؟

کاتژمێری بایۆلۆجیی جەستە ریتمێکی دیاریکراوی هەیە، کۆنترۆڵی سەرجەم ئەو گۆڕانکارییە فیزیکی، دەروونی و رەفتارییانە دەکات کە زیندەوەرێک لە ماوەی 24 کاتژمێردا پێیدا تێدەپەڕێت. تاریکی و رووناکیش زۆرترین کاریگەرییان لەسەر ئەم ریتمە هەیە، هاوکات خواردن، گوشاری دەروونی، وەرزشکردن، ژینگەی کۆمەڵایەتی و پلەی گەرمیش کاریگەرییان لەسەری هەیە.

لە توێژینەوەیەکی نوێدا، ئەوە سەلمێنراوە کە خواردنی شەوان کاریگەریی لەسەر کاتژمێری بایۆلۆجیی جەستە، یاخود ریتمی سیرکەیدیان دروستدەکات، ئەمەش لە دەرەنجامدا زیان بە زیندەچالاکییەکانی جەستە دەگەیەنێت و رێژەی شەکری خوێن لە بەیانیاندا ٪19 بەرزدەکاتەوە.

لە توێژینەوەکەدا، 19 گەنجی تەندروست بەشدارییان کرد و کران بە دوو کۆمەڵەوە. بەشداربووەکان بۆ ماوەی 14 رۆژ شەفتی کارکردنیان خرایە شەوان. کۆمەڵەیەک لە بەشداربووان شەوان نانیان دەخوارد و کۆمەڵەکەی تریش بە رۆژ نانیان دەخوارد. توێژەرانیش بەراوردیی پلەی گەرمی جەستە، شەکری خوێن و ئینسولینیان کرد بۆ تێگەیشتن لە کاریگەرییەکانی خواردنی شەوان لەسەر زیندەچالاکییەکان جەستە لە هەردوو کۆمەڵەکەدا.

دەرەنجامەکانی توێژینەوەکە ئەوەیان نیشاندا کە خواردنی شەوان ناڕێکی لە نێوان کاتژمێری ناوەندیی مێشک و ریتمی زیندەچالاکییەکانی جەستەدا دروستدەکات. ئەمەش بووە هۆی بەرزبوونەوەی زیاتری رێژەی شەکری خوێن لە بەیانیاندا و نارێکی کۆنترۆڵکردنی شەکر، کە دەبێتە هۆی بەرزبوونەوەی مەترسیی توشبوون بە شەکرە.

لەو کۆمەڵەیەدا کە شەوان نانیان دەخوارد رێژەی شەکری خوێنیان پاش خواردن 19٪ بەرزتربوو بەرامبەر بەو کۆمەڵەیەی بەیانیان نانیان دەخوارد. کاردانەوەی ئینسولینیش 52٪ کەمتربوو بۆ رێکخستنی رێژەی شەکر، ئەمەش ناڕێکیی لە رێژەی شەکری خوێندا دروستدەکات.

خواردنی بەیانیان، لەو کەسانەشدا کە شەوان کاردەکەن، کاریگەریی لەسەر رێژەی بەرز و نزمی شەکری خوێن دروستناکات و زیندەچالاکییەکانی جەستە هاوشێوەی کاتژمێریی ناوەندیی مێشک کاردەکات، ئەمەش پێچەوانەی کاریگەرییە نەرێنییەکانی خواردنە لەو کەسانەدا کە شەوان نان دەخۆن. کەواتە کاتی کارکردنی رۆژانە کاریگەریی لەسەر مەترسیی توشبوون بە شەکرە هەیە، بەڵام کاتی خواردن، تەنانەت لەو کەسانەشدا کە شەوان کاردەکەن، کاریگەریی لەسەر کەمکردنەوەی ئەم مەترسییە هەیە. بە کورتی، گەدەت دەزانێت کەی شەوە و کەی رۆژە.