بەریتانیا کەمپینێک بۆ کەمکردنەوەی ڤەیپکێشان دەستپێدەکات

لە بەریتانیا کەمپینێکی تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان بۆ رێگریکردن لە کێشانی ڤەیپ لەناو منداڵان و لاواندا دەستپێدەکرێت و کەمپینەکە لەلایەن حکومەتی وڵاتەکەوە پاڵپشتیی دارایی دەکرێت و لەلایەن ئینفلوێنسەرەکانەوە بەڕێوەدەبرێت.

حکومەتی وڵاتەکە دەیەوێت لەڕێگەی هەریەک لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکانی ئینستاگرام و یوتوبەوە، هانی گەنجان و منداڵان بدات دەست بە کێشانی ڤەیپ نەکەن، بەو پێیەی ئێستا لەو تەمەنانەدا بەکارهێنەرانی جگەرە ئەلیکترۆنییەکان زیادیانکردووە.

بەگوێرەی ئامارەکانی وڵاتەکە، لە ساڵانی رابردوودا کێشانی ڤەیپ لە کەسانی خوار 18 ساڵدا بەڕێژەیەکی بەرچاو زیادیکردووە، بەجۆرێک یەک لە پێنج منداڵی تەمەن 11 بۆ 17 ساڵ ڤەیپی تاقیکردووەتەوە و یەک لە 10 منداڵی خوێندکاری ناوەندی بەردەوام بەکاریدەهێنێت.

تەندروستیی وڵاتەکە دەیەوێت بۆ گەیاندنی پەیامەکانی ئینفلوێنسەر و کەسە بەناوبانگەکانی وڵاتەکە بەکاربهێنێت، بیگ مانی یەکێکە لەوانە و 1.6 ملیۆن فۆلۆوەری لە ئینستاگرام هەیە، ئێستا لەڕێگەی پەڕەکەیەوە هانی گەنجان و منداڵان دەدات جگەرە ئەلیکترۆنییەکان نەکێشن.

پزیشکانی پسپۆڕی منداڵان لە بەریتانیا دەڵێن، ئەو منداڵانەی دەست بە کێشانی ڤەیپ دەکەن زیانێکی زۆر بە سییەکانیان دەگات و لەوانەیە بەتەواوی ئالوودەی نیکۆتین ببن.