دەکرێت کەسێک هیچ تاوانێکی نەکردبێت و وەهمی تاوانباریی هەبێت
وەهمی تاوانباری حاڵەتێکیی دەروونییە و کەسی توشبوو هەستێکی بەردەوام و توندی هەستکردن بە تاوانباریی هەیە و خۆی بە بەرپرسیار دەزانێت لەسەر شتێک کە روویداوە.
هەستکردن بە زەمب، یان هەستی تاوانباری حاڵەتێکی ئاساییە و دەکرێت کەسێک ئەگەر کارێکی کردبێت کە زیانی بە کەسێکی دیکە گەیاندبێت، یاخود بووبێتە هۆی مردنی کەسێک، یاخود وەکو پێویست بەرامبەر کەسێک باش نەبووبێت، هەستی تاوانباریی هەبێت و پێیوابێت دەکرا باشتربووایە. بەڵام وەهمی تاوانباری، ناڕێکیییەکی بیرکردنەوەیە کە ناوەڕۆکی وەهمەکە و بیرکردنەوەی کەسەکە هاوتا نییە لەگەڵ بارودۆخ و رەفتارەکانی کەسەکەدا. واتا دەکرێت کەسێک کە هیچی نەکردووە، هیچ زیانێکی بە کەس نەگەیاندووە، خۆی بە تاوانبار و بەرپرسیار بزانێت بەرامبەر شتێکی دیاریکراو کە روویداوە.
وەهمی تاوانباری دەکرێت بە چەند جۆرێکی جیاواز دەربکەوێت و وردەکاریی نیشانەکانی لە کەسێکەوە بۆ کەسێکی دیکە دەگۆڕێت، بەڵام بە شێوەیەکی گشتی، هەموو ئەو کەسانەی توشی ئەم حاڵەتە دەبن چەند خاڵێکی هاوبەشیان هەیە کە هەستی پێدەکەن، یەکێک لەو شتانە هەستکردنێکی بەردەوام بە زەمب، ئەو کەسانەی وەهمی تاوانبارییان هەیە، بە ئاستێکی بەرزتر لە کەسانی ئاسایی هەست بە تاوان دەکەن، ئەم وەهمەش دەکرێت پەیوەندیی بە رووداوێکی رابردوو، بیرکردنەوەیەک یان هەستکردن بە بەرپرسیاریەتییەوە سەرچاوە بگرێت. خاڵێکی هاوبەشی دیکە کە لە زۆرینەی ئەو کەسانەدا هەیە بریتییە لە خۆلۆمەکردنی زیاد لە پێویست، ئەم کەسانە لەسەر کۆمەڵێک بابەت لۆمەی خۆیان دەکەن کە لە دەرەوەی کۆنترۆڵی خۆیانە و لەسەر کۆمەڵێک هەڵەیە کە خۆیان نەیانکردووە. ئەم خۆلۆمەکردنە بەردەوامەش هەستی بێبەهایی، بێبایەخی و رقلێبوونەوە لە خود دروستدەکات.
هاوکات، ئەم کەسانە زۆرینەی کاتەکانی رۆژەکەیان بە بیرلێکردنەوە و باسکردنی ئەو هەڵانە بەسەردەبەن کە نەیانکردوون. بەردەوامی ئەم وەهمە و وەرنەگرتنی چارەسەر دەبێتە هۆی دروستبوونی گوشاری دەروونی، دڵەڕاوکێ، خەمۆکی، گرفتی خەو، شەکەتیی بەردەوام و پەشێوییە خۆراکییەکان.
هۆکارەکانی پشت دروستبوونی ئەم وەهمە دەکرێت جیاواز بن، بۆ نموونە دەکرێت نیشانەی پەشێوییەکی دەروونی بێت، وەکو خەمۆکی، یاخود وەسواسی، دەشکرێت پاش زەبرێکی دەروونی نیشانەکە دەربکەوێت. هۆکارە بۆ ماوەییەکانیش رۆڵیان هەیە و پێکهاتەی جیناتی مرۆڤ دەکرێت تاکە هۆکاری دەرکەوتنی نیشانەکان بێت.
چارەسەرکردنی ئەم حاڵەتەش بە گوێرەی دەستنیشانکردنی هۆکارەکەی دەگۆڕێت، سەرەتا دەبێت پەشێوییە دەروونییەکە دەستنیشانبکرێت، چارەسەری حاڵەتەکەش لەڕێی وەرگرتنی دەرمانی دەروونی و چارەسەری ئاخاوتنەوە دەکرێت.
21/02/2025