سێیەکى عەرەب تەوقە لەگەڵ ئیسرائیل دەکەن عێراق نەبێت
پەنجا ساڵ لەمەوبەر، تەوقەکردن لەگەڵ ئیسرائیلییەکان بەلاى عەرەبەکانەوە بەیەکێک لە "حەرامکراوەکان" سەیر دەکرا، لە پێش هەموویانەوە بۆ سعودیەى "زمانحاڵى عەرەب و بەشێک لە موسڵمانان" قورستر بوو، ئاساییکردنەوەى پەیوەندییەکانى نێوان ریاز و تەلئەڤیڤ بە "نیشانەیەکى ئاخر زەمان" لێکدەدرای ەوە.
ئێستا رۆژگار بەجۆرێک گۆڕدراوە، وەزیرى ئیسرائیلى دەچێتە ریاز و سعوییەکانیش بە ئاشکرا باس لە ئاساییکردنەوە دەکەن، ئەمەش بەشێکى زۆرى پەیوەستە بە "دیدگاى سعودیە بۆ 2030".
سعودیە وەک "جەمسەرێکى بەهێزى سیاسى، ئابوورى و ئاینى" لە رۆژهەڵاتى ناوەڕاست، دەرگاى بەڕووى ئاساییکردنەوەى پەیوەندییەکان لەگەڵ ئیسرائیلى "نەیارى بەشێک لە وڵاتانى عەرەبى و ئیسلامى" کردووەتەوە، چاوەڕێدەکرێت ئەمەش سەرلەبەرى هاوکێشەى سیاسى لە ناوچەکە بگۆڕێت.
هەوڵی ئاساییکردنەوەی پەیوەندییەکان
هەوڵەکانی ئاساییکردنەوەی پەیوەندییەکانی نێوان ئیسرائیل و سعودیە، لە پشت پەردەوە نەماوەتەوە، ئێستا بەرپرسانی هەردوو وڵات بە ئاشکرا باسی لێوەدەکەن و بەگوێرەی ژمارەیەک سەرچاوە، بەرەوپێشچوونی دیارهەبووە لە پرۆسەکەدا.
لەو چوارچێوەیەدا شاندێکى ئیسرائیل بەسەرۆکایەتى، شلۆمۆ قەرعی، وەزیری پەیوەندییەکانی ئیسرائیل بە یاوەریى نوێنەرى وەزارەتى دەرەوەى وڵاتەکە بۆ بەشدارى لە کۆنفرانسی یەکێتیی جیهانی پۆستە، سەردانى سعودیەى کرد.
وەزیرە ئیسرائیلییەکە، سەردانەکەى قۆستەوە بۆ قسەکردن لەسەر پەیوەندییەکانیان و گوتى "پەیوەندی وڵاتەکەی لەگەڵ ریاز، گەشەی سەندووە".
کەمتر لە هەفتەیەک لە سەردانەکەی قەرعی، حایم کاتس، وەزیری گەشتوگوزاری ئیسرائیل، بەمەبەستی بەشداری لە کۆنفرانسێکی تایبەتمەند بە بواری گەشتوگوزاری كە نەتەوە یەکگرتووەکان رێکیخستبوو، سەردانى ریازی پایتەختی سعودیەی کردبوو.
کاتس، یەکەم وەزیری ئیسرائیل بوو، بەشێوەیەکی فەرمی سەرکردایەتی شاندێکی وڵاتەکەی بکات بۆ سعودیە.
لەماوەی رابردووشدا، جۆن کێربی، گوتهبێژی ئاسایشی نهتهوهیی ئهمهریكا رایگەیاند، بەگوێرەی زانیارییەکانی ئەوان، هەردوو لایەن هەیکەلی سەرەکی پلانی ئاساییکردنەوەی پەیوەندییەکانی نێوانیان دەستنیشانکردووە، بەڵام ئەگەر رێککەوتنەکە ئاڵۆز بێت، ئەوا پێویستە هەردوولا سازش لەسەر چەند خاڵێک بکەن.
سەردانی بەرپرسانی ئیسرائیل و بڵاوبوونەوەی ئەم هەواڵانە لەکاتێکدایە، لە 30ی ئەیلول رۆژنامەی ریازی سعودی راپۆرتێکی لەسەر ئەم بابەتە بڵاوکردەوە، "کە بەگوێرەی سەرچاوەکانی ئەوان، سعودیە پەلەی نییە تاوەکو پەیوەندییەکانی لەگەڵ ئیسرائیل ئاساییبکاتەوە".
بەگوێرەی رۆژنامەکە، سعودیە مەبەستیەتی بەرژەوەندیی خۆی پاشان ئەو فایلانەی بڕوای پێیەتی بەتایبەت "فەڵەستین" یەکلایبکاتەوە، بەرلەوەی هەر رێککەوتنێک لەگەڵ ئیسرائیل رابگەیەنێت.
رۆژنامەی ریاز، بابەتەکەی لەژێر ناونیشانی "ئاشتییەکی جیاواز" بڵاوکردبووەوە و ئاشکرایکردبوو "گفتوگۆکان بەچەند قۆناغێکی جیاواز تێدەپەڕن، پێویستە میکانیزمێکی گونجاو و لەسەر بنەمای روون بونیاد بنرێت، تاوەکو سەرجەم لایەنەکان ئەرکەکانی سەر شانیان بزانن".
بەرژەوەندیی سعودیە لە ئاساییکردنەوەی پەیوەندییەکانی لەگەڵ ئیسرائیل
محەمەد بن سەلمان، کە لەساڵى 2017ەوە بووەتە جێنشینی سعودیە، لەگەڵ دەستبەکاربوونیدا گۆڕانکاری لە سیاسەتى ناوخۆیى و دەرەکى وڵاتەکەیدا دەستپێکردووە و دیدگاى 2030ى راگەیاندووە.
محەمەد بن سەلمان، یەکێکە لەو کەسانەى لەگەڵ ئاساییکردنەوەدایە، مانگى رابردوو لە چاوپێکەوتنێکدا لەگەڵ کەناڵی فۆکس نیوزی ئەمریکی، رایگەیاند، بەرەوپێشچوون هەیە لە هەوڵی ئاساییکردنەوەی پەیوەندییەکان، رۆژ بە رۆژ لە ئەنجامدانی ئەو رێککەوتنە نزیکدەبنەوە.
جێنشینی سعودیە، ئاماژەیدا بەوەی ئیدارەی بایدن پاڵپشتی وڵاتەکەی کردووە تاوەکو بگاتە ئەم قۆناغەی ئێستا، بەڵام رایگەیاند کە "دۆسیەی فەڵەستین" بۆ وڵاتەکەی زۆر گرنگە، هەربۆیە ئێستا گفتوگۆکانیان لەبارەی ئەو دۆسێیە بەردەوامە تاوەکو دەگەنە خاڵێک بارودۆخی ژیانی فەڵەستینییەکان ئاسان دەکەنەوە و هەژموونی ئیسرائیلیش لەگەڵ رۆژهەڵاتی ناوەڕاست تێکەڵدەکەن".
لە ئەگەری ئاسایبوونەوەی پەیوەندییەکانی نێوان ئیسرائیل و سعودیە، نەخشەی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست دەگۆڕێت، بەتایبەت لەنێوان دوو هاوبەشی سەرەکی ئەمریکا لە رووبەڕووبوونەوەی ئێران، دەبێتە چەکی دەستی جۆ بایدنیش تاوەکو لە بانگەشەی هەڵبژاردنی وەک سەرۆکی ئەمریکا لە ساڵی 2024دا بەکاریبهێنێت.
زۆرێک لە چاودێرانی سیاسی وایدەبینن، هاوکاریی ئەمریکا بۆ سعودیە لەبەرانبەر تەکنیک و شارەزایی پێویست لەبواری ئەتۆمی، مەرجێکی سەرەکیی ریازە بۆ ئاساییکردنەوەی پەیوەندییەکانیان لەگەڵ تەلئەڤیڤ، هەرچەندە ئەمە قورساییەکە بۆ سەر واشنتن و بەجێهێنانی کەمێک ئەستەم دەبێت، چونکە دەبێت چەند خاڵێکی رێککەوتنامەی چەکی ئەتۆمی هەڵبوەشێننەوە و ئاژانسی وزەی ئەتۆمیش بتوانێت چاودێریی ئەو وێستگانە بکات کە ئەتۆمین.
جگە لەوەی گواستنەوەی زانیاری و تەکنەلۆژیای ئەتۆمی بۆ سعودیە لە بەرژەوەندیی کۆمپانیا ئەمریکییەکانە لەم بوارەدا و دەیان ملیار دۆلار قازانج دەکەن، ئەگەر گرێبەستی کارپێکردنی وێستگە ئەتۆمییەکانی واژۆ کرد، سەرەڕای ئەوەی ئاساییکردنەوەی پەیوەندییەکان لەسەر دەستی ئیدارەی بایدن وەک دەستکەوتێکی گەورە لێی دەڕوانرێت.
فشاری ئەمریکایە یاخود ویستێک بۆ دروستکردنی ئاشتی؟
خالید محەمەد، شیکاری سیاسیی سعودی بە بى بى سى راگەیاندووە، فشارێکی ئەمریکی هەیە، بەڵام لەهەمانکاتدا ویستێکی سعودیەش بۆ نەهێشتنی کێشەکان لە ناوچەکەدا بەدیدەکرێت.
ئەو شیکارە سیاسییە، پێیوایە وڵاتەکەی سوود لە ئاساییکردنەوەی پەیوەندییەکان لەگەڵ ئیسرائیل دەبینێت، چونکە سعودیە پرۆژەیەکی دیدبینی هەیە بۆ ساڵی 2030 کە تێیدا پێویستی بە بەدیهێنانی سەقامگیری هەیە بە هاریکاریی سەرجەم وڵاتانی ناوچەکە.
ئیسرائیل و عەرەب؛ مێژوویەکى دوور و درێژ لە ململانێ
ریشەی ململانێی عەرەبی و ئیسرائیل، پەیوەستە بە سەرهەڵدانی "زایۆنیزم و ناسیۆنالیزمی عەرەبی لەکۆتایی سەدەی نۆزدەیەم".
فەلەستینییەکان، تاوەکو ئێستاش خاکى ئیسرائیل، بەزێدی مێژوویی خۆیان دەبینن کە هەزاران ساڵە تێیدا ژیاوون، لەبەرامبەردا، بەهەمانشێوە جووەکان وایدەبینن بەگوێرەی دەقى تەورات، خاکى خۆیانە (تەورات، پەیامی ئاسمانیی جووەکانە).
ململانێی تائیفیی نێوان جوو و عەرەبە فەلەستینییەکان لە سەرەتای سەدەی بیستەمدا سەریهەڵدا، لەساڵی 1947دا بە شەڕێکی بەرفراوان گەیشتە لوتکە، کە بریتیبوو لە هەڵمەتێکی پاکتاوی نەتەوەیی و ئاوارەکردنی فەلەستینیەکان لە گوند و شارەکانیان، دواتر گەیشتە یەکەمین جەنگى عەرەب - ئیسرائیل لە مانگی ئایاری ساڵی 1948، دوای راگەیاندنی دامەزراندنی دەوڵەتی ئیسرائیل.
لەدوای جەنگی ئۆکتۆبەری ساڵی 1973 ئاگربەستیان کرد و لەساڵى 1979 رێککەوتنی ئاشتیی نێوان ئیسرائیل و میسر واژۆ کرا، ئەمەش بووە هۆی کشانەوەی ئیسرائیل لە نیمچە دوورگەی سینا و هەڵوەشاندنەوەی سیستمى سەربازی لە کەرتی رۆژئاوا و غەززە.
لە ساڵانى دواتر، زنجیرەیەک شەڕ و ئاڵۆزى لەنێوان گروپە فەلەستینى و لوبنانییەکان لەلایەک و ئیسرائیل لەلایەکى دیکە روویانداوە، سەرەڕای رێککەوتنی ئاشتی لەگەڵ میسر و ئوردن، رێککەوتنی کاتیی ئاشتی لەگەڵ دەوڵەتی فەلەستین و ئاگربەستی گشتی، جیهانی عەرەبی و ئیسرائیل، لە زۆر بابەتدا لە ناکۆکیدا ماوونەتەوە.
بەڵام لە دوو ساڵى رابردوودا پێشهاتى نوێ هاتوونەتە ئاراوە و بەشێک لە وڵاتانى عەرەبى پەیوەندییەکانیان لەگەڵ ئیسرائیل ئاساییکردووەتەوە.
لەکۆتایی ساڵی 2020 و سەرەتای ساڵی 2021، ئیسرائیل رێککەوتنی ئاسایبوونەوەی پەیوەندییەکانی لەگەڵ ئیمارات و بەحرەین واژۆکرد، پەیوەندییەکانی خۆی لەگەڵ مەغریب تازە کردەوە و بەئاڕاستەی درووستکردنی پەیوەندیش رۆشت لەگەڵ سودان.
ئێستا پەیوەندییەکانی ئیسرائیل لەگەڵ هەریەک لە ئیمارات و مەغریب لە بەرزترین ئاساتدان، بەجۆرێک کاری لەپێشینەی ئیسرائیل بۆ سیاسەتی دەرەوەی وڵاتەکەی، بەئاڕاستەی ئاساییکردنەوەی پەیوەندییەکانن لەگەڵ وڵاتانی دیکە، ئەگەر سعودیە هەمان هەنگاو بگرێتەبەر، ئەوا دەبێتە حەوتەم وڵات لە کۆى 25 وڵاتى عەرەبى پەیوەندی لەگەڵ ئیسرائیل ئاساییبکاتەوە، لەدواى میسر، ئوردن، ئیمارات، بەحرەین، سودان، مەغریب.
عێراق؛ ئاسایى ناکاتەوە
کاریگەرییەکانى ئاساییکردنەوەى پەیوەندیى نێوان سعودیە و ئیسرائیل هەر لە سنوورى ئەو دوو وڵاتە قەتیس نابێت، کاریگەرییەکەى زۆر وڵات دەگرێتەوە، لەناویاندا عێراق هەیە، کە بە هیچ شێوەیەک ئامادە نییە "مەرحەبایەکى ئیسرائیلییەکان بکات".
لە 26ی ئایاری 2022 پەرلەمانی عێراق یاسایەکی پەسەند کرد، کە ئاساییکردنەوەی پەیوەندیی وڵاتەکەی لەگەڵ ئیسرائیل، بەهەموو شێوەیەک قەدەغە دەکات.
لەساڵی 1948-ەوە عێراق هەرگیز دانی بە ئیسرائیلدا نەناوە وەک وڵاتێکی سەربەخۆ، ئەمە جگە لەوەی بەگوێرەی یاسا، هیچ هاووڵاتییەک یاخود کۆمپانیایەکی عێراقی رێگەی پێنادرێت سەردانی ئیسرائیل بکات، ئەگەر هەر لایەنێکی عێراقی هەوڵبدات پەیوەندییەکانی وڵاتەکەی لەگەڵ ئیسرائیل ئاسایبکاتەوە، ئەوا وەک تاوانبار مامەڵەی لەگەڵ دەکرێت.
06/10/2023