دۆناڵد ترەمپ هیچ لەسەر خەمۆکی نازانێت
چەند رۆژێکە ڤیدیۆیەکی کورتی دۆناڵد ترەمپ کە تێیدا باسی خەمۆکی دەکات لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان بڵاوبووەتەوە. ڤیدیۆکە دەگەڕێتەوە بۆ کاتی بانگەشەی هەڵبژاردنی سەرۆکایەتیی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا. پێچەوانەی بۆچوونە سیاسییەکانی، ترەمپ لە ڤیدیۆکەدا باس لە بابەتێکی تەندروستی دەکات و شێوازێکی چارەسەری خەمۆکی دەخاتەڕوو.
خەمۆکی، پەشێوییەکی دەروونییە، نیشانەکانی هەندێجار هێندە توندن کە دەگاتە ئاستی بیرکردنەوە لە خۆکوشتن و هەوڵدان بۆ خۆکوشتن. لە جیهانیشدا، بە یەکێک لە باوترین جۆرەکانی پەککەوتن دادەنرێت، واتا ئەو کەسانەی توشی خەمۆکیی توند دەبن، توانای چوونە سەر کاریشیان نامێنێت.
لە وتارەکەیدا، سێ رۆژ پێش هەڵبژاردن، دۆناڵد ترەمپ داوا لە لایەنگرانی دەکات بچنە سەر سندووقەکانی دەنگدان و دەنگیپێبدەن بۆ ئەوەی قۆناغێکی نوێ دەستپێبکەن. لە درێژەی قسەکانیشیدا دەڵێت، "دەزانن خەمۆکی چۆن چارەسەر دەکرێت؟ بە کارکردنی زۆر! دەبێت مرۆڤ ئەوەندە کار بکات کە کاتی نەمێنێت بۆ خەمۆکی." ئەم قسانەی ترەمپیش بۆچوونی جیاوازی لێکەوتووەتەوە، بە جۆرێک کەسانێک پاڵپشتی دەکەن و کەسانێکیش، بەتایبەت شارەزانی بواری دەروونی بە توندی دژی قسەکانی وەستاونەتەوە.
باوەڕی هەڵە سەبارەت بە پەشێوییە دەروونییەکان و رێگەکانی چارەسەریان ئێجگار باون، زانیاریی هەڵە سەبارەت بە نەخۆشییەکان زوو بڵاودەبنەوە. کاتێک دەستەواژەیەکی لەم جۆرەش لەلایەن سەرۆکی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکاوە دەگوترێت، بێگومان کاریگەرییەکەی زۆرە و هەڵەتێگەیشتنەکان سەبارەت بە پەشێوییە دەروونییەکان زیاتر دەکەن.
ئەوەی گرنگە بزانرێت، جیا لەوەی کە خەمۆکی پەشێوییەکی دەروونییە و هۆکارە دەروونی، کۆمەڵایەتی و بایۆلۆجییەکان پێکەوە کاریگەرییان لەسەر دەرکەوتنی نیشانەکان دەبێت و دەکرێت کەسێک کە زۆر کاردەکات و کارێکی باش و مووچەیەکی باشیشی هەیە، بێ هۆکار توشی خەمۆکی ببێت، بەڵام تایبەت بە کارکردنی زۆریش، پێچەوانەی قسەکانی ترەمپ، توێژینەوە زانستییەکان ئەوەمان پێدەڵێن کە کارکردنی زۆر دەبێتە هۆی دروستبوونی گوشاری دەروونی، ئەمەش مەترسیی توشبوون بە خەمۆکی و دڵەڕاوکێ زیاددەکات، لەگەڵ دەرکەوتنی نیشانەکانی خەمۆکیشدا، توانای کارکردن و کارامەیی لە کاردا کەمدەبێتەوە، واتا زانست پێچەوانەی قسەکەی ترەمپی سەلماندووە و بانگەشەکەی ترەمپ هیچ بنەمایەکی زانستیی نییە.
23/02/2025