شێرپەنجەی هێلکەدان و نیشانە سەرەتاییەکانی

دەستنیشانکردنی شێرپەنجەی هێلکەدان لە قۆناغە سەرەتاییەکاندا ئاسان نییە
دەستنیشانکردنی شێرپەنجەی هێلکەدان لە قۆناغە سەرەتاییەکاندا ئاسان نییە

هەموو ئافرەتێک دوو هێلکەدانی هەیە، کە هێلکە بەرهەمدەهێنن، هەروەها هۆرمۆنەکانی ئیسترۆجین و پرۆجسترۆن بەرهەمدەهێنن. شێرپەنجەی هێلکەدان بریتییەلە گەشەیەکی نائاسایی لە خانەکانی ناو هێلکەدانەکان.

زۆرجار شێرپەنجەی هێلکەدان بە "بکوژی بێدەنگ" ناودەبرێت، چونکە لەوانەیە لە قۆناغە سەرەتاییەکانیدا دەستنیشانکردنی ئەستەم بێت، بەهۆی نەبوونی نیشانە تایبەت و بەرچاوەکان. کاتێک نیشانەکان بەڕاستی دەردەکەون، زۆرجار ناڕوونن و دەتوانرێت بە هەڵە لەگەڵ حاڵەتەکانی دیکەدا تێکەڵبکرێن.

سەرەڕای ئەمەش، کۆمەڵێک نیشانە هەن گرنگە چارەخوازان پێیان ئاشنابن بۆئەوەی لەو حاڵەتانەدا سەردانی پزیشكی پسپۆڕ بکەن بۆ زانینی هۆکارەکان

  • ئاوسانی سک: ئاوسانی بەردەوام کە زۆرجار لەگەڵ تێری یان گەورەبوونی قەبارەی سک دەردەکەوێت
  • ئازاری حەوز یان سک: ئەو خانمانەی شێرپەنجەی هێلکەدانیان هەیە، لەوانەیە تووشی ئازاری حەوز یان سک یان ناڕەحەتی ببن، کە جیاوازە لە گرژبوونی ئاسایی سووڕی مانگانە.
  • دابەزاندنی کێش
  • زۆر میزکردن: زیادبوونی پێویستی میزکردن، بەتایبەتی ئەگەر نیشانەکانی دیکەی لەگەڵدا بێت، لەوانەیە نیشانەی شێرپەنجەی هێلکەدان بێت.
  • ماندوێتی: شێرپەنجەی هێلکەدان دەبێتەهۆی ماندوێتیی بەردەوام کە لەگەڵ پشوودان یان خەوتن باشتر نابێت.
  • ئازاری پشت: هەندێک لە خانمانی تووشبوو بە شێرپەنجەی هێلکەدان تووشی ئازاری بەشی خوارەوەی پشت دەبن.
  • گۆڕانکاری لە خووی ریخۆڵەدا: گۆڕانکاری لە خووی ریخۆڵەدا، وەک سکچوون یان قەبزی، کە بۆ ماوەیەکی درێژ بەردەوام دەبێت.
  • سەختیی خواردن یان هەستکردن: شێرپەنجەی هێلکەدان دەبێتەهۆی کەمبوونەوەی ئارەزووی خواردن و هەستکردن بە تێربوونی زوو لە کاتی خواردندا، تەنانەت بە ژەمە خواردنی کەمیشەوە.

شێرپەنجە، ئەگەر لە سەرەتای نەخۆشییەکەدا دەستنیشان بکرێت و لاببرێت، مەترسیدار نییە. بەڵام ئەگەر درەنگ دەستنیشانبکرێت، تەشەنە دەکات و چارەسەری قورس نەبێت، لەبەر ئەم هۆکارە پێویستە هەموو ئافرەتێک لە ساڵێکدا یەک جار بەلایەنی کەمەوە چێکی خۆی بکات لای پزیشکی ژنان .

د. نوخشە محەمەد رەفیق، پسپۆڕی نەخۆشییەکانی ژنان و منداڵبوون