کۆمەڵەی پزیشکانی دەروونیی کوردستان: نەکەونە تەڵەی ئەم کەسانەوە
کۆمەڵەی پزیشکانی دەروونیی کوردستان لە رۆژی 23ی شوبات بەیاننامەیەکیان بڵاوکردووەتەوە و تیایدا داوا لە هاونیشتمانیان دەکەن نەکەونە تەڵەی ئەو کەسانەوە کە لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکانەوە بانگەشەی ئەوە دەکەن چارەسەری دەروونی پێشکەشدەکەن و هیچ بڕوانامەیەکیان نییە و پسپۆڕی بوارەکە نین.
هاوکات، باس لەوەش دەکەن کە رێکاری یاسایی بەرامبەر هەر کەسێک دەگرنە بەر کە کاری لەو جۆرە بکات و داواکاریشن هەر کەسێک ئەو جۆرە کەسانەی لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان بەرچاوکەوت، کۆمەڵەکەیان ئاگاداربکاتەوە بۆ رێگریرکردن لەو کارە نازانستی و نایاساییە تاوەکو لەڕێی داواکاری گشتییەوە سکاڵایان لەسەر تۆماربکەن. دەقی بەیاننامەکەی کۆمەڵەی پزیشکانی دەروونیی کوردستان بەمجۆرەیە:
لەم ماوەیەی دواییدا خەڵکانێکی زۆر لە سۆشیال میدیا خۆیان وەک پزیشک و پسپۆڕی دەروونی ناساندووە، تا ئەو رادەیەی بابەتەکە لە حاڵەت دەرچووە و بووەتە دیاردە. ئەوەش کە بەداخەوە، یارمەتیدەر بووە و بازاڕی ئەو کەسانەی گەرمکردووە، شەرم بووە لە نەخۆشییە دەروونییەکان. هەندێک لە چارەخوازان حەزییان نەکردووە دەرکەون لای کەسانی تایبەتمەند و بەڵکو ویتستوویانە لەپشت پەردەوە چارەسەربکرێن. وەک ئەوەی رەفتارێکی شەرمەزاریان کردبێت کە تووشی نەخۆشیی دەروونی بوون.
کۆمەڵەی پزیشکیی دەروونیی کوردستان وەکو ئەرکێکی مرۆیی و لەپێناو پاراستنی چارەخوازان، سکاڵا لەسەر هەمووگد ئەو کەسانە تۆماردەکات کە خۆیان بە پزیشك و پسپۆڕی دەروونی ناساندووە و هەڵگری هیچ جۆرە بڕوانامەیەکی پەیوەندیدار و باوەرپێکراو نین لەم بوارە. ئەمەش دوای زیادبوونی سەرهەڵدانی ئەم دیاردەیە و پێشکەشکردنی چارەسەری نادروست ونازانستی و زیان گەیاندنیش بە بەشێک لە چارەخوازان.
لەگەڵ ئەوەی بەشێکی زۆری ئەو کەسانە هیچ پسپۆڕیەکیان لەو بوارە نیە و بە پێی بەدواداچوونەکانمان زۆربەیان شارەزاییەکی ئەوتۆیان نییە تەنانەت ڕێنماییش بدەن، چی بگاتە ئەوەی کە چارەسەری دەروونی پێشکەشبکەن.
بۆیە ئێمە وەک کۆمەڵەی پزیشکیی دەروونیی کوردستان، وەک ئەرکێکی مرۆیی و لە پێناو پاراستنی چارەخوازان سڵناکەینەوە لە سکاڵا کردن لەو کەسانە لە ڕێگای داواکاری گشتییەوە (تا ئێستاش چەند سکاڵایەک گەیشتوونەتە دادگا و ئەو جۆرە کەسانە سزای خۆیان وەردەگرن).
بەڵام هەروەک چۆن چەپڵە بەدەستێک لێنادرێ! ئەگەر خەڵک هاوکارنەبن و وریا نەبن، نە ئێمە و نە داواکاری گشتی ناتوانین ئەو دیاردەیە بە تەنها بنبڕبکەین. بۆیە لێرەوە داواتان لێدەکەین بە هیچ ڕیکلامێکی سۆشیال میدیا هەڵنەخەڵەتێن و نەکەونە داوی ئەو کەسانەوە.
داواشتان لێدەکەین لە هەر شوێنێک ئەو جۆرە کەسانەتان بەرچاو کەوت بە بەڵگەی ڤیدیۆیی و وێنە بۆمانی بنێرن، دڵنیاش بن ئێمە سڵ ناکەینەوە لەوەی ڕووبەڕووی یاسایان بکەینەوە.
لەگەڵ رێزماندا
24/02/2025