پسپۆڕێك: خۆتان لە تەزین بپارێزن
لە وەرزی زستاندا کاتێک پلەی گەرما بۆ خوار سفر دادەبەزێت، ئەگەری نەخۆشیی سەرمابردن و تەزین دروستدەبێت، لەم نەخۆشییەدا بەشە دەرکەوتووەکانی لەشی مرۆڤ وەک پەنجەی دەست و قاچ، لووت و گوێچکە، دەیبەستیت و چیدیکە خوێن پێیدا هاتوچۆ ناکات.
نەخۆشەکە هەست بە مێروولەکردن و سڕبوون دەکات، دواتر رەنگی پێستی سووردەبێتەوە و هەڵدەئاوسێت، ئەگەر فریای خۆی نەکەوێت، رەنگی شین و رەش دەبێتەوە و ئاوسانەکەی زیاتر دەبێت و هەست بە ئازار دەکات.
ئەم جۆرە نەخۆشییە زیاتر لەو کەسانەدا دەردەکەویت کە لە کاتی سەرمادا لە دەرەوەی ماڵەوەن، وەک سەرباز و شاخەوان و کەسانی بێ ماڵ و حاڵ و سەرخۆش.
ئەگەر بەرکەوتووەکە زوو فریای خۆی نەکەوێت، نەخۆشییەکەی توندتر دەبێت و مەترسی لەسەر ژیانی دروستدەکات. گرنگترین ماکی ئەم نەخۆشییە دابەزینی پلەی گەرمی جەستەی نەخۆشەکە و هەڵئاوسانی بەشە بەرکەوتووەکەی جەستەیەتی
شێوازی خۆپاراستن
- - لە زستاندا جلوبەرگی گەرم لەبەربکەی.
- - ئەگەر لە زستاندا چوویتە دەرەوەی ماڵ دەبی خواردن و شلەمەنی باش بخۆیت
- - لە شوێنی کاردا بجوڵێیت و نەوەستیت
- - ئەو کەسانەی نەخۆشیی شەکرەیان هەیە یان جگەرەکێشن، نابێت خۆیان بەر سەرما بدەن
چارەسەر چییە؟
- بە گەرمکردنەوەی سەرتاپای جەستەی نەخۆشەکە دەستپیدەکات
- داپۆشینی بە بەتانی و لێفە
- پیدانی شلەمەنیی گەرم
- ناردنی بۆ نەخۆشخانە بۆ ئەوەی چارەسەری نەخۆشییەکەی تەواوبکات
د. فایەق محەمەد گوڵپی، پسپۆڕی نەشتەرگەریی گشتی
24/02/2025