ترەمپ: لە چەند هەفتەی داهاتوودا شەڕی ئۆکرانیا کۆتاییدێت

دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا، فۆتۆ: AP
دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا، فۆتۆ: AP

لەمیانی دیدارەکەیدا لەگەڵ ئیمانوێڵ ماکرۆن، سەرۆکی فەڕەنسا، دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا رایگەیاند، پێدەچێت لەماوەی چەند هەفتەی داهاتوودا شەڕی ئۆکرانیا کۆتایی بێت، ماکرۆنیش رایگەیاند "ئەوروپا ئامادەیە بۆ بەهێزکردنی بەرگریی خۆی".

لەکاتێکدا هەردوو سەرۆک لە کۆشکی سپی کۆبوونەوە و کۆتاییهێنان بە شەڕی ئۆکرانیایان تاوتوێکرد، ماکرۆن هەوڵیدا ترەمپ رازی بکات بە بەشداریکردنی کیێڤ لە دانوستانەکانی ئاشتیدا و پێداگری لەسەر ئەو داوایەی کردەوە.

دەرەنجام سەرۆکی ئەمریکا گوتی، بە ئەگەرێکی زۆرەوە ڤۆڵۆدیمیر زێلێنسکی، سەرۆکی ئۆکرانیا ئەم هەفتەیە یان هەفتەی داهاتوو، سەردانی کۆشکی سپی دەکات، ئەمەش لەکاتێکدایە کە واشنتن و مۆسکۆ نزیکبوونەتەوە لە رێککەوتنێک بۆ راگرتنی شەڕەکە و ترەمپ راشیگەیاند کە مۆسکۆ رازی دەبێت بە ناردنی هێزی ئاشتیپارێز بۆ ئۆکرانیا.

ئەم گوتانەی ترەمپ لەکاتێکدایە کە پەیوەندییەکانی نێوان کیێڤ و واشنتن ئاڵۆزی تێکەوتووە و ترەمپ هەفتەی رابردوو زێلێنسکی بە "دیکتاتۆرێکی هەڵنەبژێردراو" ناوبرد.

بەڵام ئەمجارە گوتی زۆر نزیکن لە گەیشتن بە رێککەوتنێک لەگەڵ ئۆکرانیا، سەبارەت بە کانزا بەنرخەکان.

سەرۆکی فەڕەنساش رایگەیاند ئامانجی هاوبەشیان بنیاتنانی ئاشتییەکی تۆکمە و بەردەوامە لە ئۆکرانیا، هیواشی خواست ئەمریکا رۆڵێکی کارای هەبێت لە دەستەبەرکردنی ئەو ئاشتییەدا.