تەنککەرەوەی بۆیە (تەنەر) چییە و چۆن کاریگەری لە کۆئەندامی دەمار دەکات؟

د. ئازاد ئەنوەر، پسپۆڕی نەخۆشییەکانی مێشک و دەمار
د. ئازاد ئەنوەر، پسپۆڕی نەخۆشییەکانی مێشک و دەمار

تەنککەرەوەی بۆیە یاخود تەنەر ماددەیەکی کیمیاییە، بەشێوەکی بەرچاو لە پیشەسازیدا بەکاردێت. یەکێک لە بەکارهێنانەکانی وەکو تەنککەرەوەی بۆیەی ماڵانە. ڕەنگە زۆرێک لە ئێمە بۆنی بۆیەمان کردبێت و نەمانزانیبێت کە لە رێگەی ئەم بۆنکردنەوە چەندین ماددەی زیانبەخش هەڵدەمژین. هەرچەند لێکۆڵینەوەکان بەردەوامن، بەڵام داتا بەردەستەکان ئاماژە بۆ ئەوە دەکەن کە بەرکەوتنی درێژخایەن بەم ماددانە دەتوانێت کاریگەری لەسەر مێشک و کۆئەندامی دەمار هەبێت.

تەنەر چەندین ماددەی کیمیایی تێدایە وەکو: تۆلۆوین، زایلین، ئەسیتۆن و چەند ماددەیەکی دیکە. ئەم ماددە کیمیاییانە بەوە ناسراون کە بۆ کۆئەندامی دەمار ژەهراوین، لەکاتی بۆنکردنیان لەناو بۆیە، لە رێگای سییەکانەوە هەڵدەمژرێن و دەگوازرێنەوە بۆ ناو خوێن و لەوێشەوە بۆ کۆئەندامی دەمار و دەبنە هۆی کاریگەریی لاوەکی. بۆ نموونە، ماددەیەکی وەکو تۆلۆوین دەتوانێت زیان بە پەردەی دەوری دەمارەخانەکان بگەیەنێت، هەر بۆیە بەرکەوتنی درێژخایەن بەم ماددەیە دەبێتە هۆی زیانگەیاندن بە ماددەی سپی لەنێو کۆئەندامی دەماردا.

هەڵمژینی ماددەکانی ناو تەنککەرەوەی بۆیە، تەنانەت بۆ ماوەیەکی کورتیش، دەبێتە هۆی سەرگێژە، سەرئێشە، شێواوی، کێشە لە سەرنجدان. ئەگەر بەردەوامیش بێت، نیشانەکان خراپتر دەبن و دەبنە هۆی کێشەی بیرکردنەوە، گۆڕانی خوو، کێشە لە راگرتنی هاوسەنگی و نەخۆشییە دەمارییەکانی دیکە. بەرکەوتنی درێژخایەن بەم ماددانە لە شوێنێکی داخراودا، دەکرێت ببێتە هۆی زیانگەیاندن بە مێشک بە شێوەیەکی هەمیشەیی.

هەربۆیەش لەکاتی بەرکەوتن یان ئیشکردن لەگەڵ بەم ماددانە، باشتر وایە چەند ڕێکارێکی خۆپارێزی بگرینە بەر، وەکو:

  • بەکارهێنانی ئەو جۆرە بۆیانەی ماددەی ژەهراوییان تێدانییە
  • لە کاتی بەکارهێنانیان هەوڵبدرێت دەرگا و پەنجەرەکان بکرێنەوە بۆ هەواگۆڕکێ
  • لە کاتی بەکارهێنانیان هەوڵبدرێت دەرگا و پەنجەرەکان بکرێنەوە بۆ هەواگۆڕکێ
  • ئەگەر لە ماڵەوە بەکارهات، هەوڵبدرێت چەند رۆژێک ماڵەکە جێبهێڵرێت
  • بەکارهێنانی دەستکێش و ماسک
  • دوورکەوتنە لە بەرکەوتنی درێژخایەن
  • لە دەفری داخراو و دوور لە دەستی منداڵ هەڵبگیرێت

سەرەڕای هەبوونی بەڵگەی پێویست، لێکۆڵینەوەکان هێشتا بەردەوامن بۆ تێگەیشتن لەو رێگەیانەی تەنەر بەهۆیانەوە زیان بە کۆئەندامی دەمار دەگەیەنێت. هەر ئەو کەسانەی بەرکەوتنییان هەیە لەگەڵ ئەم ماددانە، رەنگە لە مەترسیدابن بەبێ ئەوەی خۆیان ئاگاداربن. چونکە هەڵمژینی بەردەوامی ئەم ماددە ژەهراوییانە، دەکرێت زیانی هەمیشەیی بە مێشک بگەیەنێت.

د. ئازاد ئەنوەر، پسپۆڕی نەخۆشییەکانی مێشک و دەمار