ھۆکارەکانی زیادبوونی ئازاری ماسولکە و جومگەکان لە سەرمادا

ئەوەی روونە تاوەکو کەشهەوا بەرەو سەرما بڕوات و زستان دەستپێبکات، ئەو کەسانەی ئازاری جومگە و ماسولکەیان هەیە، ئازارەکانیان روو لە زیادبوون دەکات .

لە زستاندا و لە کەشی سارد و سەرمادا ئازاری ماسولکە و جومگەکان بەگشتی زیاددەکەن، بەڵام زیاتر ئەو جومگانە دێشن: ئەژنۆکان و جومگەی حەوز و قولەپێن. لەڕاستیدا تاوەکو ئێستا توێژینەوەکان لە سەداسەد نەیانسەلماندووە ھۆکاری سەرەکیی ئازاری ماسولکە و جومگەکان لە زستاندا چین، بەڵام ھەندێک لە پزیشکەکان ھۆکارەکەی دەگەڕێنەوە بۆ ئەم حاڵەتانەی خوارەوە:

  1.  لە وەرزی زستان و لە کاتی سەرمادا جەستە ھەوڵدەدات گەرمی پاشەکەوت بکات و خوێن زیاتر بڕوات بۆ دڵ و سییەکان، لە کاتی روودانی ئەمەدا، ئەو بۆرییە خوێنانەی لە پەلەکانن گرژدەبن و کەمتر خوێن بچێت بۆیان، کە ئەمەش دەبێتەھۆی ئەوەی ئەم ناوچانە سارد بن و رەق بن، کە ئەمەش ئازار و ناڕەحەتی دروستدەکات .
  2. یەکێکی دیکە لە بیردۆزەکان ئەوەیە لە زستاندا، ئەو گۆڕانەی لە پەستانی ھەوادا رووئەدات دەبێتەھۆی زیادکردنی ھەوکردن لە جومگەکان، بەتایبەتی ئەو کەسانەی کە خۆیان رۆماتیزم و کێشەی جومگەیان ھەبووە پێشتر، ئەم ھەوکردنەش ئازار و ناڕەحەتی و سووربوونەوە دروستدەکەن. ھەروەھا دەمارەکان ھەستەوەرتر دەبن بۆ ئازار .
  3. کەشی سارد وادەکات ماسولکەکان زووتر گەرمی ونکەن، کە ئەمەش دەبێتەھۆی گرژبوون و رەقبوونی ماسولکەکان، بەمەش وزەیەکی زیاتریان پێویستە بۆ کارەکانیان کە ئەمەش دەبێتەھۆی زیادکردنی ئازار .
  4. وشکبوونەوە بەھۆی سەرماوە: لەبەرئەوەی لە سەرمادا مرۆڤ ئاو کەمتر دەخواتەوە وەک لە کاتەکانی دیکە ، بۆیە لەشی مرۆڤ تووشی وشکبوونەوە دەبێت. لەبەرئەوەی ئاو پێکھاتەیەکی گرنگی لینجیی نێوان جومگەکانە، کەمبوونەوەی لینجیی نێوان جومگەکان کەمدەکاتەوە و بەوەش ئازار و رەقبوون دروستدەبێت .
  5. ھەندێک لە پزیشکەکان دەڵێن لە کاتی وەرزی زستاندا، خواردنەوە گەرمەکانی وەکو: چا و قاوەمو نیسکافە، بە رێژەیەکی زۆر زیاتر دەخورێتەوە، کە ئەمەش رێژەیەکی زۆر کافایینی تێدایە کە دەبێتەھۆی زیادکردنی ئازار لە جەستەدا
  6. چەند توێژینەوەکی دیکە دەڵێن: لە زستاندا چالاکی کەمترە بەگشتی و وەرزشکردن کەمتردەبێتەوە و خەڵک زیاتر دەنوێت یان رادەکشێت و پاڵدەکەوێت لە ژوورەوە و کەمتر دێنەدەرەوە، بۆیە ماسولکەکان تەمبەڵ دەبن و جومگەکان رەقدەبن، کە ئەمەش دەبێتەھۆی دروستبوونی ئازار لە کاتی جوڵاندن و ھاتوچۆدا  
  7. شێداری لەگەڵ سەرما ھەردووکیان کاریگەرییان ھەیە لەسەر زیادکردنی ئازاری جومگەکان، ئەویش بەھۆی کاریگەرە خراپەکانیان لەسەر تەندروستیی ئێسک و کرکڕاگەی جومگەکان .
  8. لە سەرمادا ئەو لینجییەی لەناو جومگەکاندا ھەیە (synovial fluid)خەست دەبێتەوە و بەباشی ھاتوچۆ ناکەن لەنێوان جومگەکاندا کە دەبێتەھۆی رەقبوون و کرتەکرتی جومگەکان .
  9. لە کەشی سارددا، ھەستەوەریی دەماری ناو جومگەکان زیاددەکات، بەھۆی دروستبوونی ھەوکردن و لێکخشان بەھۆی سەرماوە .

د. هه‌ڤین که‌مال شاه محەمەد، پسپۆڕی به‌نج