ئەوانەی شەوانە کاردەکەن بۆ کاتی خەو میلاتۆنین بخۆن
کارکردن لە شەفی شەواندا وادەکات خانەکانی جەستە ماندووببن و زیانیان پێبگات، بەمەش ئەگەری تووشبوون بە شێرپەنجە زیاتردەبێت.
بەگوێرەی توێژینەوەیەکی نوێ، ئەو کەسانەی شەوانە کاردەکەن، بۆ کەمکردنەوەی ئەگەری تووشبوون بە شێرپەنجە، دەتوانن میلاتۆنین وەربگرن.
میلاتۆنین، ئەو هۆرمۆنەی ناو مێشکی مرۆڤە کە وا لە کەسەکە دەکات خەوی بێت. بەشێوەی حەب، کەپسول و جەلی هەیە و خەڵک دەتوانێت وەریبگرێت.
توێژینەوەکە، کە لەسەر 40 کەس کراوە و لە گۆڤاری زانستیی Occupational & Environmental Medicineـدا بڵاوکراوەتەوە، باس لەوە دەکات ئەو کەسانەی لە شەفتی شەواندا کاردەکەن، رێژەی میلاتۆنین لە مێشکیاندا کەمتردەبێت، تەنانەت ئەگەر زۆریش خەویان بێت و ئاسان خەویان لێبکەوێت.
بۆیە کاتێک ئەو کەسانە شەفتەکانیان تەواودەبێت، گرنگە بەر لەوەی بخەون، دەنکۆڵەیەک لە میلاتۆنین وەربگرن. ئەمە یارمەتیدەریان دەبێت لەوەی کە خانەکانیان کەمتر زیانیان پێبگات و ئەگەری تووشبوونیان بە شێرپەنجە کەمترببێتەوە.
بەگوێرەی لێکدانەوەی توێژەرەکان، ئەو کاریگەرییەی میلاتۆنین بەهۆی ئەوەوەیە کە هۆرمۆنەکە کاردەکاتە سەر توانای خۆچاککردنەوەی خانەکانی جەستە، بۆیە کاتێک کەسەکە دەنکۆڵەی میلاتۆنین وەردەگرێت، سەرەڕای ئەوەی کەمخەوە، توانای جەستەی بۆ خۆچاککردنەوە باشتردەبێت.
هەرچەندە بەرەنجامی توێژینەوەکە بەشێوەیەکی ئەرێنی باس لە کاریگەرییەکانی میلاتۆنین لەسەر خۆپارێزی لە شێرپەنجە دەکات، بەڵام ئەم توێژینەوەیە بچووکە و هێشتا ناتوانرێت پشت بە بەرەنجامەکانی ببەسترێت. بۆیە گرنگە چارەخوازان لەژێر رێنمایی پزیشکی پسپۆڕدا نەبێت، میلاتۆنین وەرنەگرن.
26/02/2025