پاش 10 ساڵ یەکەم حاڵەتی گیانلەدەستدان بەهۆی سوورێژەوە لە ئەمریکا تۆمارکرا

سوورێژە بە تا و دروستبوونی پەڵەی سوور لە پێستدا دەستپێدەکات
سوورێژە بە تا و دروستبوونی پەڵەی سوور لە پێستدا دەستپێدەکات

پاش بڵاوبوونەوەی سوورێژە لە ویلایەتی تەکساس لە ئەمریکا، منداڵێک گیانیلەدەستدا، ئەمەش پاش ئەوەی 10 ساڵ هیچ حاڵەتێکی گیانلەدەستدان لە وڵاتەکە تۆمارنەکراوە.

منداڵەکە بە توندی سوورێژەی گرتووە و لە نەخۆشخانە خەوێنراوە، پاش مانەوەی لە نەخۆشخانە و بەهۆی توندیی حاڵەتەکەیەوە گیانیلەدەستدا.

مردنی ئەم منداڵە پاش ئەوە دێت کە ماوەیەکە رێژەی کوتانی منداڵان لە ئەمریکا بەرەو کەمبوونەوە دەچێت، بەرزترین پلەی تەندروستیی وڵاتەکەش لە کابینەکەی ترەمپدا دراوە بە رۆبێرت ئێف کەنەدی جونیەر کە بەوە ناسراوە لەگەڵ پێدانی ڤاکسینەکاندا نییە.

زیاتر لە 130 حاڵەتی سوورێژە لە ویلایەتی تەکساس و نیو مەکسیکۆ تۆمارکراون، بەنزیکەیی هەموویان ئەو منداڵانە بوون کە پێشتر ڤاکسین نەکراون. بەرپرسانی تەندروستیی ناوچەکە دەڵێن ئەم منداڵانە زیاتر لەو خێزانانەن کە رێبازێکی تایبەتی مەسیحییان گرتووەتەبەر و باوەڕێکی زۆریان بە ڤاکسینەکان نییە.

رۆبێرت ئێف کەنەدی جونیەر، بەرپرسی گشتیی خزمەتگوزارییە تەندروستی و مرۆییەکانی ئەمریکا، لەبارەی بڵاوبوونەوەی پەتاکە دەڵێت: ماوەماوە پەتای لەم شێوەیە بڵاودەبنەوە و جێگەی مەترسی نین. بەهۆی ئەم قسەیەشەوە رووبەڕووی رەخنەی زۆر بووەتەوە.

سوورێژە نەخۆشییەکی ڤایرۆسی گوازراوەیە و زیاتر تووشی منداڵان دەبێت، چەند نیشانەیەک لە تووشبووەکاندا دروستدەکات وەکو تا، کۆکە، ئاوکردنی لووت، ئاوکردن وسووربوونەوەی چاو و پەڵەی پێست.