ئایا باژەڵە بۆ چارەسەرکردنی گریانی تازەلەدایکبووان تەندروستە؟

نەخێر، نەک دروست نییە بەڵکو ژیانی چەندین منداڵی نازداری ئەم وڵاتەی کۆتاییپێهێناوە، بەداخەوە سکی ئەو منداڵە بە مووس ئەبڕڕێت تەنیا لەبەرئەوەی منداڵەکە حاڵەتێکی ئاسایی هەیە کە پێیدەگوترێت باکردنی منداڵ، کە لە خوارەوە بە درێژی باسی حاڵەتەکەتان بۆ ئەکەم.

کرداری باژەڵە هەندێکجار هەوکردنی زۆری خوێن دروستدەکات کە چارەسەرەکەی زۆر گرانە و لەوانەیە بە مردنی منداڵەکە کۆتاییپێبێت.

نازانم چۆن ویژدانتان رێگەتان پێدەدات کە ئەو هەموو ئازار و مەترسییە بدەنە منداڵەکەتان تەنیا لەبەر ئەوەی منداڵەکە بەهۆی حاڵەتێکی ئاسایی خەوتان لێ تێکئەدات.

تاوەکو ئێستا لەم شارەی خۆماندا چەندین منداڵ بە ئازارێکی زۆرەوە مردووە لەبەر باژەڵە .

باکردنی منداڵ چییە؟

باکردنی منداڵی تازەلەدایکبوو گریانە بۆ زیاتر لە سێ کاتژمێر لە رۆژێکدا و زیاتر لە سێ رۆژ لە هەفتەیەکدا و بۆ ماوەی زیاتر لە سێ هەفتە. (یاسای ژمارە سێی پێدەڵێن).

نزیکەی %25ـی منداڵان تووشی ئەم باکردن و گریانە دەبن، زۆربەی کات لە ئێوارە و شەودا روودەدات.

لە تەمەنی شەش بۆ هەشت هەفتە بڕی ئەو گریان و باکردنە دەگاتە لووتکە.

دەبێ هۆکارەکەی چی بێت؟

هەرچەندە هیچ هۆکارێکی دیاریکراوی نییە، بەڵام ئەم شتانەی کە لە خوارەوە باسی دەکەین لەوانەیە ئەو باکردنە زیادبکەن:

  1. باش پێنەگەیشتنی سیستەمی مێشک و دەمار
  2. هەستیاریی زۆر بۆ دەستلێدان و دەنگەدەنگ ئەگەر هەیبێت
  3. ئەو منداڵەی کە شیری دایکیان دەخۆن لەوانەیە هەندێک خواردن کە دایکی دەیخوات هۆکار بێت بۆ زیاد بوونی باکردن
  4. ئەو منداڵەی کە شیری قوتوو دەخۆن لەوانەیە هەندێک پرۆتینی ناو شیرەکەیان پێ نەکەوێت
  5. زۆر شیرخواردن یان خێرا شیرخواردن
  6. ئەو دایکانەی کە جگەرە لە کاتی سکپرییەکە دەکێشن رێژەی باکردن لە منداڵەکانیاندا دوو ئەوەندە زیاددەکات
  7. ئەگەر دوای شیر خواردنەکە نۆشینەکات، واتە نەیخەیتە سەر شانت بۆ نۆشکردن
  8. منداڵێک کە کێشی کەمبێت لە کاتی لەدایکبووندا
  9. ئەگەر منداڵەکە برسی بێت
  10. ئەگەر منداڵەکە ترشی گەدەی بگەڕێتەوە سورێنچکی

چۆن بتوانین ئەم باکردنە کەمبکەینەوە؟

  1. پێویستە منداڵەکە زۆر لە باوەش بگریت تەنانەت ئەوکاتانەی کە نەشگریەت
  2. دەتوانی بتڵێک ئاوی گەرم یان مەمەشوشەیەک کە ئاوی گەرمی تێدا بێت (بەمەرجێک زۆر گەرم نەبێت زیان بە منداڵەکە بگەیەنێت)، لەسەر سکی منداڵەکە دابنێیت
  3. دەبێت دایکی شیردەر هەوڵبدات منداڵەکەی لایەکی سنگی بەتاڵبکاتەوە دواتر بیخاتە سەر لایەکەی دیکە
  4. هەوڵ بدە دەست بەسەر سکی منداڵەکەتدا بهێنیت لە شێوەی میلی کاتژمێر
  5. ئەو منداڵانەی کە شیری قوتوو دەخۆن باشترە جۆری شیرەکە بگۆڕن نەوەک هەستیاری هەبێت بە پرۆتینی ئەو شیرە
  6. زوو زوو منداڵەکەت بخەرە سەر شانت
  7. دەتوانیت منداڵەکەت لەسەر سکی بخەیتە سەر قاچەکانت، جووڵە بە قاچەکانت بکەیت بۆ ئەوەی ماساج بە سکی بکرێت.
  8. زۆر جار منداڵ کاتێک ئەیخەیتە ناو ئۆتۆمبێل و لە کاتی رۆیشتنی سەیارە منداڵەکە بێدەنگ دەبێت، بۆیە دایک و باوک سوودی زۆر لە ئۆتۆمبێل دەبینن.

چ کاتێک پێویستە ترسمان هەبێت و پێویستی بە بینینی پزیشک بێت (ئەوانە نیشانەی باکردن نین)؟

  1. ئەگەر تای هەبێت
  2. پیساییەکەی خوێن یان لیمانی لەگەڵدا بێت
  3. رشانەوە، بەتایبەتی ئەگەر زۆر و بە قوڵپ بێت
  4. ئەگەر ئارەزووی شیر خواردنی کەمیکرد

د. پشدەر عەبدوڵا

پزیشکی پسپۆڕی نەخۆشییەکانی منداڵان و گەشەی منداڵ