رەبۆ لە منداڵاندا
زانكۆ محەمەد 28/02/2025
رەبۆ نەخۆشییەکی درێژخایەنی سییەکانە، دەبێتەهۆی هەوکردن و تەسکبوونەوەی بۆرییەکانی هەوا.
رەبۆ باوترین نەخۆشیی درێژخایەنە لە منداڵاندا، دەبێتە هۆی کەمبوونەوەی جووڵە و تەمبەڵیی منداڵان و هەروەها تێکچوونی خەوی منداڵان.
نیشانەکان
- کۆکە و خیزەی سنگ
- هەناسەدانی خێرا
- بە ناڕەحەت هەناسەدان
- بە ناڕەحەت شیری بۆ دەخورێت
- بێوزە و ناڕەحەت دەبێت
بەتایبەت ئەگەر منداڵەکە لە خێزانەکەیاندا رەبۆ یان کێشەی هەستیاریی لووت و پێست، هەستیاری بە خواردن، بە نەبەکامی لەدایکبووبێت، جگەرە لە ماڵەوە بکێشرێت یان لە سەرەتای تەمەنیدا تووشی هەوکردنی ڤایرۆسی توندی سییەکان بووبێت.
ئەگەر منداڵێکی تووشبووی رەبۆ چارەسەر بە رێکی وەرنەگرێت مەترسییەکانی چین؟
- لەوانەیە تووشی نەوبەی زۆر توندی رەبۆی بکات کە ژیانی بخاتە مەترسییەوە و بە پێویستی چارەسەری زۆر و قورس دەبێت لە نەخۆشخانە.
- هەناسەدانی زۆر توند دەبێت کە کاریگەریی زۆری لەسەر خەو و سەرنجدان و خوێندن و فێربوون دەبێت و زۆربەی کاتەکانی رۆژانەی بێوزە و توڕە دەبێت.
- وردەوردە گۆڕانکاریی هەمیشەیی لە سییەکانی دروستدەبێت کە دواتر ئەستەمە بە ئاسانی وەڵامی چارەسەر بداتەوە.
- کاریگەریی زۆری لەسەر گەشە دەبێت و دەبێتە هۆی باڵاکورتی و دواکەوتنی پێگەیشتن
- دەبێتەهۆی نەچوون بۆ خوێندنگە و کەمبوونەوەی چالاکی رۆژانە و ئاستی فێربوونی زۆر دادەبەزێت
- دەبێتەهۆی دروستبونی فشارێکی زۆری دەروونی و هەست بەکەمیکردن لە بەرامبەر منداڵە هاوڕێکانی.
د. پشدەر عەبدوڵا ئیسماعیل
پزیشکی پسپۆڕی نەخۆشییەکانی منداڵان
زانكۆ محەمەد
28/02/2025