وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا بۆ کەناڵ8: داواکەی ئۆجەلان تێڕوانینی ئەمریکا لەبارەی پەکەکە دەگۆڕێت

لۆگۆی وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا
لۆگۆی وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا

وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا لەبارەی پەیامەکەی ئۆجەلانەوە، بە کەناڵ8ـی راگەیاند، "پێشوازی لە هەر هەنگاوێک دەکەین، کە ئامانج لێی دانانی چەک بێت".

وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا لە وەڵامی ئیمەیڵێکی کەناڵ8ـدا ئاماژەی بەوەکردووە، داواکەی ئۆجەلان بۆ دانانی چەک لەلایەن پەکەکە ئەو تێڕوانینە لای ئەمریکا دەسڕێتەوە کە پێشتر بۆ ئەو رێکخراوە هەیبووە.

پەیامەکەی عەبدوڵا ئۆجەلان رێبەری زیندانیکراوی پارتی کرێکارانی کوردستان کە رۆژی پێنجشەممە راگەیەندرا، لەسەر ئاستی جیهان پێشوازی لێکراوە و هەریەک لە نەتەوەیەکگرتووەکان، ئەڵمانیا، بەریتانیا، سعودییەش وەک یەکەم وڵاتی عەرەبی داواکەی ئۆجەلانیان بۆ دانانی چەک بە هەنگاوێکی ئەرێنی لەقەڵەمدا.

کاتژمێری 5:00ـی ئێوارەی رۆژی پێنجشەممە، 27ـی شوباتی 2025، شاندی ئیمراڵی لە شاری ئیستانبوڵەوە پەیامەکەی عەبدوڵا ئۆجەلانی بڵاوکردەوە، لە پەیامەکەدا ئۆجەلان داوای چەکدانان و خۆهەڵوەشاندنەوەی لە پەکەکە کرد، باسی لەوە کردبوو، "بەرپرسیارێتیی مێژوویی چەکدانان لەئەستۆدەگرم".