ئەو کەسانەی نەشتەرگەریی بڕینی گەدەیان کردووە دەتوانن بەڕۆژووبن؟

د. محەمەد بەرزنجی، پزیشکی پایەبڵندی نەشتەرگەریی گشتی
د. محەمەد بەرزنجی، پزیشکی پایەبڵندی نەشتەرگەریی گشتی

نەشتەرگەریی بڕینی گەدە (گاستریک سلیڤ) کاریگەریی گەورەی لەسەر توانای لەش بۆ رۆژووگرتن هەیە. لەبەر چەند هۆکارێک:

 قەبارەی گەدە بۆ %15 بۆ %20ـی قەبارە ئاساییەکەی کەمدەکرێتەوە، هەروەها پێویستییەکی زۆر بۆ خواردنەوەی شلەمەنی و شێداریی جەستە هەیە، هاوکات پێویستی بۆ جێگرتنەوەی کانزا و خوێ و ڤیتامینە لەدەستچووەکان زیاتر دەبێت، هەربۆیە زۆر گرنگە زانیاریی تەواو وەربگرن لەم مانگە پیرۆزەدا. بەشێوەیەکی گشتی نەخۆشەکان دەکەین بە چەند گروپێکەوە بەگوێرەی کاتی نەشتەرگەرییەکە و باری تەندروستیی کەسەکە:

  1. یەکەم شەش مانگ دوای نەشتەرگەری: لەهیچ بارێکدا رێگە پێدراو نییە و نابێت بەڕۆژووبن
  2. ئەو کەسانەی لەنێوان شەش مانگ بۆ ساڵێکدان دوای نەشتەرگەری: باشترە بەڕۆژوونەبن، بەڵام ئەگەر تەندروستییان باش بێت و گرفتی تەندروستییان نەبێت و پزیشکەکەیان رێگەیان پێبدات، بە مەرج رەنگە بتوانن بەڕۆژووبن، بەڵام دەبێت رەچاوی بەرنامەی تایبەت بکەن و بەردەوام لەگەڵ پزیشکەکەیان لەسەرهێڵ بن
  3. ئەوانەی ساڵێک یان زیاتر بەسەر نەشتەرگەرییەکەیاندا تێپەڕیوە و گرفتی تەندروستییان نییە و ڤیتامین و ماددەکانیان کەم نییە: دەتوانن بەڕۆژووبن، ئەویش دوای راوێژ لەگەڵ پزیشکەکەیان
  4. ئەوانەی ساڵێک یان زیاتر بەسەر نەشتەرگەرییەکەیاندا تێپەڕیوە، بەڵام گرفتی تەندروستییان هەیە یاخود ڤیتامین و ماددەکانیان کەمە: ناتوانن بەڕۆژووبن.

کێ نابێت رۆژوو بگرێت؟

  • ئەو نەخۆشانەی لە یەکەم شەش مانگی دوای نەشتەرگەریدان بەهیچ جۆرێک رێگەپێدراو نییە.
  • ئەوانەی کێشیان بەردەوامە لە دابەزین بە رێژەی (زیاتر لە 1-2 کیلۆگرام لە مانگێکدا)
  • ئەوانەی رشانەوە یان گەرانەوەی ترشی گەدەی بەردەوامیان هەیە
  •  نەخۆشانی کەمیی خۆراک و ڤیتامین و کانزاکانئاسن
  • ئەوانەی دەرمانی تایبەت بەکاردەهێنن کە نابێت کاتەکانی بگۆڕرێت.
  • ئەوانەی شەکرە یان نەخۆشیی درێژخایەنی دیکەیان هەیە.
  •  ئەوانەی ناتوانن بڕی پێویست ئاو بخۆنەوە و رەچاوی پرۆگرامە خۆراکییەکان بکەن.

د. محەمەد بەرزنجی، پزیشکی پایەبڵندی نەشتەرگەریی گشتی