ئاوسان، رەقبوون و سووربوونەوەی شوێنی کوتان ئاساییە؟

د. هونەر عوسمان کەریم، پسپۆڕی نەخۆشییەکانی منداڵان
د. هونەر عوسمان کەریم، پسپۆڕی نەخۆشییەکانی منداڵان

کوتانی منداڵان لە 13 جۆر نەخۆشئی گوازراوەی جیاواز دەپارێزێت، بۆیە پێویستە دایک و باوک پشت گوێی نەخەن و کاتی کوتانەکان لەبیرنەکەن.

خشتەی کوتانی منداڵان بەمجۆرەیە:

ھەفتەی یەکەم، دوومانگی، چوار مانگی، شەش مانگی، نۆ مانگی، 15 مانگی، ھەژدە مانگی، 4-6 ساڵی.

ئەگەر ئاوسان یان رەقبوون و سوربوونەوە هەبوو لە دوای دوو هەفتە لە وەرگرتنی ڤاکسینی دوو مانگی، چوار مانگی و شەش مانگی کە بە دەرزی دەدرێت لە ڕان، گومان لە هەوکردن لە ناوچەکەدا دەکرێت، پێویستی بە سۆنۆگرافی و چارەسەری دژەزیندەیی(ئەنتی بایۆتیک) دەبێت، بەڵام تاوەکو دوو هەفتە رەقبوون و سوربوونەوە ئاساییە.

لە چ کاتێکدا نابێ کوتان بکرێت یاخود دوابخرێت؟

 - ئەگەر منداڵەکە ھەستیاریی توندی ھەبێت بە یەکێک لە ژەمەکانی کوتان، نابێت ژەمی دووەمی هەمان جۆر کوتان بکات.

- ئەگەر نەخۆشیی بەرگری لەش، نەخۆشیئ درێژخایەنی وەکو دڵ و سییەکان و گورچیلەی ھەبێت.

چی بکەین تاوەکو ئازاری دوای کوتان کەمبکەینەوە؟

باشترە خاولییەکی سارد بۆ یەکەم 48 کاتژمێر دوای دەرزیی ڤاکسین بەکاربهێنرێت و دوای 48 کاتژمێر خاولیی گەرم بەکاربهێنرێت.

دوای کوتان منداڵ کەمێک تای بەرزدەبێتەوە، ئەمە ئاساییە بەڵام ئەگەر تایەکەی زۆر بوو دەتوانرێت دەرمانی پاراستۆڵ بەکاربهێنرێت بۆ کەمکردنەوەی تا.

د. هونەر عوسمان، پسپۆڕی نەخۆشییەکانی منداڵان