لە هەشت کەس یەکێکیان گرفتی خراپ بەکارهێنانی کحولی هەیە
خواردنەوە کحولییەکان، ئالوودەبوون بە خوارنەوە کحولییەکان و خراپ بەکارهێنانی خواردنەوە کحولییەکان لە باوترین هۆکارەکانی نەخۆشی و گیانلەدەستدانن لە کەسانی پێگەیشتوودا، توێژینەوەیەکی نوێش ئەوەی سەلماندووە کە لە هەر هەشت کەسێک یەکێکیان گرفتی خراپبەکارهێنانی کحولی هەیە و زۆرینەشیان چارەسەر وەرناگرن.
خواردنەوە کحولییەکان، کە بە گوێرەی جۆری خواردنەوەکە و توندیی رێژەی خواردنەوەکە کاریگەرییە نەرێنییەکانیان لەسەر تەندروستی دەگۆڕێت، باوترین هۆکاری مردنن لە پیاوانی خوار تەمەن 50 ساڵ. خواردنەوە کحولییەکان هۆکاری نزیکەی 6٪ی تەواوی مردنەکانن، چونکە کاریگەرییان لەسەر نەخۆشییەکانی دڵ، نەخۆشییەکانی جگەر، شێرپەنجە و نەخۆشییە دەروونییەکان هەیە، کە ئەمانەش مەترسیی مردنی پێشوەختە زیاددەکەن.
بەکارهێنانی زۆری خواردنەوە کحولییەکان، کاریگەریی لەسەر سیستمی چالاکیی دۆپامین هەیە لە مێشکدا، چالاککردنی دۆپامین هۆکارە بۆ ئەوەی کەسێک کە جارێک خواردنەوە کحولییەکان بەکاردەهێنێت، دووبارەی بکاتەوە. هاوکات، کاریگەریی لەسەر چەند گەیەنەرێکی دەماریی دیکەش دروستدەکات وەکو گابا، گلوتامەیت و ئۆپیۆید.
بەکارهێنانی درێژخایەنیش دەبێتە هۆی کەمبوونەوەی دۆپامین، واتا کەسەکە پێویستی بە بڕێکی زیاتری هەمان خواردنەوە دەبێت بۆ ئەوەی هەمان چێژی پێببەخشێت، لەبەر ئەمەیە کە گرفتی خراپبەکارهێنان دروستدەبێت، بە جۆرێک کەسەکە خۆی نازانێت گرفتێکی هەیە. بە گوێرەی توێژینەوەکە، کەمتر 10٪ی ئەو کەسانەی گرفتی خراپبەکارهێنانیان هەیە دەچنە لای پزیشک و داوای چارەسەر دەکەن. لە کاتێکدا بەڵگە زانستییەکان ئەوەیان سەلماندووە کە وەرگرتنی چارەسەری دەروونی و چارەسەری دەرمان پێکەوە مەترسیی زیانە تەندروستییەکان کەمدەکەنەوە.
01/03/2025