پارتی دەم پێشوازی لە ئاگربەستەکەی پەکەکە دەکات

گوڵستان کۆچیغیت، بریکاری سەرۆکی فراکسیۆنی پارتی دەم لە پەرلەمانی تورکیا
گوڵستان کۆچیغیت، بریکاری سەرۆکی فراکسیۆنی پارتی دەم لە پەرلەمانی تورکیا

پارتی دەم خۆشحاڵیی خۆی بە راگەیاندنی ئاگربەست لەلایەن پەکەکەوە دەردەبڕێت و دەڵێت، پێویستە بە ئامانجی بەرەوپێشبردنی قۆناغی دیموکراسی، پەرلەمان بەرپرسیارێتیی خۆی دوای ئەم هەنگاوە هەڵبگرێت.

گوڵستان کلچ کۆچیغیت، بریکاری سەرۆکی فراکسیۆنی پارتی یەکسانی و دیموکراسیی گەلان (پارتی دەم) لە لێدوانێکدا بۆ هاڵک تی ڤی تورکی، ئاماژەی بە ئاگربەستەکەی پەکەکە و قۆناغی چارەسەری و دیموکراسیی تورکیا دا.

کۆچیغیت رایگەیاند، ئاگربەستەکەی پەکەکە نیشانەی ئەوەیە، کە پرۆسەکە بەشێوەیەکی خێرا بەرەو پراکتیزەکردن دەڕوات و ئەو هەنگاوەی پەکەکە مایەی خۆشحاڵییە.

باسی ئەوەشیکرد، پێویستە بۆ قۆناغی دەموکراسی، پەرلەمانی تورکیا دوای ئەم هەنگاوە بەرپرسیارێتیی بخاتە ئەستۆی خۆی.

ئەمڕۆ 1ـی ئازاری 2025، پەکەکە بەشێوەیەکی یەکلایەنە ئاگربەستی راگەیاند و بڕیاریداوە، ئەگەر هێرش نەکرێتە سەر هێزەکانیان، هیچ چالاکییەکی چەکداری ئەنجام نەدەن.

رۆژی 27ـی ئەم مانگە، عەبدوڵا ئۆجەلان، رێبەری زیندانیکراوی پارتی کرێکارانی کوردستان لە پەیامێکی نووسراودا داوای لە پەکەکە کرد، چەک دابنێت و لە کۆنگرەیەکیشدا هەڵوەشانەوەی خۆی رابگەیەنێت.