راکێشانی موو نەخۆشییە؟

راکێشانی موو گرفتێکی دەروونییە
راکێشانی موو گرفتێکی دەروونییە

پەشێویی راکێشانی موو حاڵەتێکی دەروونییە. بریتییە لە راکێشانی بەردەوام و دووبارەی مووی شوێنێکی دیاریکراوی جەستە. ویستی راکێشانی موو لەم کەسانەدا کۆنترۆڵ ناکرێت و کەسەکە زۆرجار مووی سەری، برۆکانی و شوێنەکانی دیکەی جەستەی رادەکێشێت.

هەندێجار گرفتەکە بۆ ماوەیەکی زۆر بەردەوام دەبێت، بە جۆرێک ئەو شوێنەی کەسەکە مووەکانی تێدا رادەکێشێت، کەچەڵ دەبێت و بۆ ماوەیەکی زۆر شوێنەکە پڕ نابێتەوە. لە هەندێک چارەخوازدا، گرفتەکە سووکە و کاریگەریی گەورە جێناهێڵێت.

نیشانە سەرەکییەکانی ئەم گرفتە بریتینلە: راکێشانی بەردەوامی مووی شوێنێکی جەستە، هەندێجار کەسەکە ئاگای لێیەتی و پێی کۆنترۆڵ ناکرێت، هەندێجاریش راهاتووە و بێ ئەوەی خەیاڵی لای بێت رایدەکێشێت. زۆرجار پێش راکێشانی مووەکە هەستێکی توند دایدەگرێت  وهەست بە گرژی دەکات. پاش راکێشانی مووەکە، بۆ ماوەیەکی کاتی هەست بە ئارامی و چێژوەرگرتن دەکات. یەکێکی دیکەش لە نیشانەکان کەچەڵ بوون و نەمانی مووە لەو شوێنانەی کەسەکە رایدەکێشێت، وەکو سەر، برۆ و برژانگ.

چارەسەرکردنی ئەم حاڵەتە هەندێجار کاتێکی زۆری دەوێت، چارەسەرەکانیش بریتینلە چارەسەرکردن بە ئاخاوتن و چارەسەرکردن بە دەرمان. چارەخواز هەندێجار پێویستە کۆمەڵێک تەکنیک و راهێنانی تایبەت فێرببێت بۆ کەمکردنەوەی خووەکە، هاوکات بەکارهێنانی دەرمان دەبێتە هۆکاری کەمکردنەوەی نیشانەکانی وەسواسیی راکێشان و دەرمان و چارەسەری ئاخاوتن پێکەوە یارمەتیی چارەخواز دەدەن حاڵەتەکەی کۆنترۆڵ بکات.