سوپای تورکیا زنجیرە چیای مەتینای لە گوندی بەلاڤە بۆردوومانکرد

کەناڵ8 04/03/2025
یەکێک لە بۆردوومانەکانی تورکیا لە هەرێمی کوردستان
یەکێک لە بۆردوومانەکانی تورکیا لە هەرێمی کوردستان

جارێکى دیکە سوپاى تورکیا زنجیرە چیاى مەتیناى لە سنوورى شارۆچکەى ئامێدى بۆردوومان کرد، لە دواى بانگەوازەکەى ئۆجەلان بۆ چەکدانان ئەوە 10یەمینجارە ناوچەکانى هەرێمى کوردستان بۆردوومان دەکات.

رێکخراوی CPTـی ئەمریکی بڵاویکردەوە هێرشەکە کاتژمێر حەوت و 25 خولەکی شەوى رابردوو بوو، تێیدا سوپای تورکیا بە هێلیکۆپتەر هێرشیکردە سەر گەلی مێوین لە زنجیرە چیای مەتینا لە گوندی بەلاڤە لە دەڤەری نهێلێ لە شارۆچکەى ئامێدی و دواتریش بە فڕۆکەی جەنگی دووجار بۆردوومانی زنجیرە چیاکەی کرد.

کامەران عوسمان، ئەندامی رێکخراوی CPTـی ئەمریکی بە کەناڵ8ـی گوت، "هێرشەکە بۆ ماوەی 12 خولەک بەردەوام بووە".

گوتیشى، "هیچ هاونیشتمانییەکى سڤیل نەبووەتە قوربانی، بەڵام پاشماوەی فیشەکی تەقێندراو لە هێلیکۆپتەرەکانی تورکیاوە لەناو ماڵەکانی گوندی بەلاڤە کەوتوونەتە خوارەوە و بوونەتە مایەی ترس و دڵەڕاوکێ بۆ گوندنشینان".

بەگوێرەى ئامارى بەردەست رێکخراوی CPTـی ئەمریکی، لە رۆژی راگەیاندنی بانگەوازەکەى عەبدوڵا ئۆجەلان رێبەری زیندانیکراوی پارتی کرێکارانی کوردستان، لە 27ـی شوباتی 2025ـەوە تاوەکو ئێستا سوپای تورکیا 10 هێرشی بۆسەر خاکی هەرێمی کوردستان ئەنجامداوە.

دووان لە هێرشەکان لە سنوورى پارێزگای هەولێر و هەشت هێرشەکەی دیکەش لە ناوچەکانى پارێزگای دهۆک بوون.

کەناڵ8

04/03/2025