مستەفا قەرەسوو: پەکەکە دەست بە خەباتى دیموکراسى و سیاسى دەکات
مستەفا قەرەسوو، ئەندامی دەستەی بەڕێوەبەریی کۆما جڤاکێن کوردستان "کەجەکە" رایگەیاند، پەکەکە لە قۆناغی گۆڕانکاریدایە و بە هەڵوەشاندنەوەشی بەهاکانی لەناو ناچن و لە قۆناغى داهاتوودا دەست بە خەباتى دیموکراسى و سیاسى دەکات.
مستەفا قەرەسوو، لە دیمانەیەکدا لەگەڵ کەناڵی "میدیا خەبەر" ئاماژەی بە پرۆسەی هەڵوەشاندنەوەی پەکەکە و کۆنگرەی پارتەکە کرد.
قەرەسوو دەڵێت، پەکەکە کۆنگرە دەبەستێت، بەڵام پێویستە لەو قۆناغەدا دەوڵەت و سوپای تورکیا هێرشەکانییان بوەستێنن، لەبەرئەوەی ئەوان خۆیان نادەن بەدەستەوە.
گوتیشى، "پرسی کۆنگرەی پەکەکە لە یەک و دوو رۆژێکدا یەکلایی نابێتەوە و پێویستە عەبدوڵا ئۆجەلان خۆی سەرپەرشتی پرۆسەکە بکات".
ئەو ئەندامەی کەجەکە ئاماژەی بەوەشکرد، پەکەکە بۆ کورد گرنگە و بەو هۆیەشەوە کاتێک باسی هەڵوەشاندنەوەی کرا، کاردانەوەی زۆری لەگەڵ خۆیدا هێنا، بەڵام دەبێت بزانرێت، کە بە هەڵوەشاندنەوەی پەکەکە، بەهاکانی لەدەست ناچن، لەبەرئەوەی پەکەکە لە قۆناغی گۆڕانکاریدایە.
مستەفا قەرەسوو راشیگەیاند، کاریگەری پەکەکە بە سەدان ساڵ بەردەوام دەبێت و دەست بە خەبات دیموکراسی و سیاسی دەکات.
عەبدوڵلا ئۆجالان رێبەری پارتی کرێکارانی کوردستان لە پەیامی خۆیدا بەناوی (ئاشتی و کۆمەڵگەی دیموکراتیدا) لە 27ـى شوباتى 2025 رایگەیاند، تەمەنی پارتەکەی کۆتاییهاتووە و پێویستە هەڵبوەشێتەوە و ئەندامانیشی دەست لە چەک هەڵگرن.
05/03/2025