سەرۆکی مەکسیک: پلانی جێگرەوەمان بۆ باجەکانی ئەمریکا هەیە

کلۆدیا شاینبام، سەرۆکی مەکسیک
کلۆدیا شاینبام، سەرۆکی مەکسیک

دوای ئەوەی سەرۆکی ئەمریکا بڕیاری زیادکردنی باجی بەرێژەی 25٪ـی لەسەر مەکیسک و کەنەدا خستە بواری جێبەجێکردنەوە، سەرۆکی مەکسیک دەڵێت، بەدوای هاوبەشی بازرگانیی دیکەدا دەگەڕێن.

کلۆدیا شاینبام لە وەڵامی سزاکانی ئەمریکادا ئاماژەی بەوەکردووە، پلانی ئەی و بی و سیمان هەیە و ئەگەر سەپاندنی باجەکان بەردەوام بن ئێمەش بەدوای وڵاتی جێگرەوەدا دەگەڕێین بیکەینە هاوبەشی بازرگانیی.

کلۆدیا شاینبام، سەرۆکی مەکسیک لەوبارەیەوە گوتی، " ئێمە سەرجەم ئەرکەکانمان بەجێگەیاندووە دەرگاکانی گفتوگۆمان دانەخستووە چونکە پێویستە هەمیشە کراوەبین، هەماهەنگی و رێککەوتنی زۆرمان کردووە، ئەگەر پاش هەموو ئەو شتانە بڕیاری سەپاندنی باج بەرێژەی 25٪ لەسەرمان بمێنێتەوە ئەوکات دەبێت ئێمەش بڕیار بدەین".

گوتیشی، "ئەمانە بڕیاری گرنگن بۆ داهاتووی وڵاتەکە، بڕیاری سادە و ئاسان نین و بڕیاری جەوهەرین، ئەگەر پێویست بکات ئێمەش بەدوای هاوبەشی بازرگانیی دیکەدا دەگەڕێین وەک جێگرەوە لەپێناو پاراستنی مەکسیک و مەکسیکییەکان، ئێمە پلانی ئەی بی و سیمان هەیە بۆیە با چاوەڕێبین بزانین چی روودەدات".