عێراق نزیکەی 17 هەزار مێگاوات کورتهێنانی کارەبای بۆ دروست دەبێت
پاش بریاری ڕاگرتنی مۆڵەتی کڕینى گاز و کارەبا لە ئێرانەوە، چاوەڕوان دەکرێت کێشەى گەورە بۆ بەرهەمى کارەباى عێراق دروستبێت.
خواست و پێداویستی رۆژانەی عێراق بۆ کارەبا لەنێوان 32 بۆ 35 هەزار مێگاواتدایە، توانای بەرهەمهێنانەکەشی لەگەڵ هاوردەی گاز و کارەبا لە ئێرانەوە 27 هەزار مێگاواتی رۆژانە بووە کە ئەمە خۆی لە خۆیدا کورتهێنانی هەبووە و رۆژانە چەندین کاتژمێر کارەبا دابیننەکراوە.
بە گازى ئێران، عێراق هەشت هەزار مێگاوات کارەباى بەرهەمدەهێنا و 3 هەزار مێگاواتیشى دەکڕى.
لە پاش بریاری راگرتنی هەناردەی گاز و کارەبای ئێرانی بڕی 11 هەزار مێگاوات کارەبا کەمدەکات و عێراق خۆی تەنیا توانای بەرهەمهێنانی 17 هەزار مێگاوات کارەباى هەیە و بەوەش 15 بۆ 18 هەزار مێگاوات کورتهێنانی کارەبا لە عێراق دروست دەبێت.
سیناریۆکانى عێراق بۆ چارەسەرى قەیرانی کارەبا
وەزارەتی کارەبای عێراق بۆ چارەسەری قەریرانی کارەبا چوار رێگەی لەبەردەمدایە بۆ ئەوەی وەکو جێگرەوەی وزەی ئێران قەرەبووی ئەو کورتهێنانە بکاتەوە.
یەکەم: هاوردەکردنی گازی تورکمانستان وەک جێگرەوەی گازی ئێران، بەڵام ئەمەش بەهۆی ئەوەی بە خاکی ئێران و بۆری گازی ئێراندا بۆ عێراق دەگوازرێتەوە کێشە و گرفتی بۆ دروست دەبێت و هەروا ئاسان نییە، کە ئێران دەستبەرداری 4 تاوەکو 6 ملیار دۆلاری فرۆشتنی گاز بە عێراق بێت و لەگەڵئەوەشدا رێگە بدات بە خاکەکەیدا گاز بۆ عێراق بڕوات.
دووەم: پشتبەستن بە گاز و وزەی هەرێمی کوردستان، بەڵام ئەمەش توانایەکی کەم و سنووردارە بەهۆی ئەوەی هەرێمی کوردستان خۆی کارەبای 24 کاتژمێری دابیننەکردووە و توانای بەرهەمهێنانی 4 تاوەکو 6 هەزار مێگاواتی رۆژانەی هەیە و ناتوانێت پێداویستی و خواستی عێراق پڕبکاتەوە.
سێیەم: بەستنەوەی تۆری کارەبای عێراقە بە دراوسێکانییەوە واتە کارەبا لەوانەوە بکڕێت، بەڵام هەنگاوی کرداری نەنراوە و تەنیا باس لەوە دەکرێت، کە تۆڕی کارەبای نیشتمانی ببەسترێتەوە بە ئوردن یاخود کوەیت یان تورکیاوە، کە تاوەکو ئێستا بەهۆی کیشەی تەکنیکی یاخود بەرزی و گرانیی نرخی کارەبا، یان کێشەی سیاسییەوە ئەم پرسە پشتگوێخراوە.
چوارەم: پشتبەستنى عێراقە بە توانای ناوخۆیی و دابینکردنی سوتەمەنی و بەکارهێنانی گازی هاوەڵەوە بۆ بەرهەرمهێنانی کارەبا، بۆ ئەم مەبەستەش لەگەڵ چەندین کۆمپانیای جیهانی گرێبەستی واژووکردووە، بەڵام تاوەکو ئێستا دیار نییە کەی و چەند مێگاوات کارەبا لەناوخۆ بۆ تۆڕی نیشتمانی زیاد دەکرێت و کۆتایی بە قەیرانى بێ کارەبایی دەهێنرێت.
09/03/2025