بەریتانیا و ئەڵمانیا و فەڕەنسا لەسەر دۆخی سووریا هاتنە دەنگ
هەریەک لە بەریتانیا، ئەڵمانیا و فەڕەنسا، هەڵوێستی خۆیان لەبارەی توندوتیژییەکانی ئەمدواییەی سووریا دەربڕی و دۆخەکەیان بە مەترسیدار و شۆکهێنەر لەقەڵەمدا.
دەیڤد لامی، وەزیری دەرەوەی بەریتانیا، لە پێگەی تایبەتی خۆی لە تۆڕی کۆمەڵایەتی ئێکس، توندوتیژییەکانی ئەمدواییەی سووریای سەرکۆنە کرد و رایگەیاند، پێویستە دەسەڵاتدارانی دیمەشق دڵنیایی بدەن کە هەموو هاوڵاتییانی سووریا دەپارێزن و رێگەیەکی راست بۆ دادوەریی بگرنەبەر.
وەزارەتی دەرەوەی ئەڵمانیاش رایگەیاندووە، شۆک بوون بە کوشتنی زیاتر لە هەزار کەس لەناوچەکانی باکووری رۆژئاوای سووریا، توندوتیژییەکانی لازقییە و ناوچەکانی دیکەیان بە خراپترین ئاڵۆزیی پاش رووخانی رژێم لەقەڵەمداوە.
وەزارەتی دەرەوەی ئەڵمانیا دەشڵێت، حکومەتی راگوزەری سووریا بەرپرسیارە لە رێگرتن لە هێرش و پەلاماری زیاتر.
بەپێویستیشی دەزانێت، دەسەڵاتی سووریا لێکۆڵینەوە لە رووداوەکان بکات و ئەو کەسانە دیاریی بکات کە هۆکاربوون بۆ ئەو توندوتیژییانە.
وەزارەتی دەرەوەی فەرەنساش راگەیەندراوێکی بڵاوکردەوە و ئاماژەی بۆ ئەوە کرد، بەتوندترین شێواز توندوتیژییەکانی سووریا سەرکۆنە دەکەن، دەشڵێت، پێویستە لێکۆڵینەوە لە رووداوەکان بکرێت.
بەگوێرەی روانگەی سووری بۆ مافەکانی مرۆڤ، لە شەڕ و پێکدادانەکانی چەند رۆژی رابروودا، هەزار و 18 کەس لەلایەن گرووپە چەکدارەکانی سەر بە ئەحمەد شەرعەوە کوژراون، لەو ژمارەیەش 745ـیان هاوڵاتیی عەلەویی سڤیلن.
پاش ئەو رووداوانە، ئەحمەد شەرع، سەرۆککۆماری قۆناغی راگوزەری سووریا داوای کرد، لایەنگرانی دەسەڵاتی ئەسەد دەستگیربکرێن و رادەستی دادگاکان بکرێن.
09/03/2025