لوتکەی ئوردن بۆ تاوتوێکردنی دۆخی سووریا بەڕێوەچوو
وەزیرانی دەرەوەی وڵاتانی دراوسێی سووریا هۆشدارییاندا لە مەترسیی سەرهەڵدانەوەی داعش و بڕیاریانداوە میکانیزمێکی هاوبەشی هەواڵگریی بۆ رووبەڕووبوونەوەی ئەو دۆخە دروستبکەن.
دوای کۆبوونەوەکەیان، وەزیرانی دەرەوەی هەر پێنج وڵات، کۆنفرانسێکی رۆژنامەوانییان ئەنجامدا، فوئاد حسێن، وەزیری دەرەوەی عێراق رایگەیاند، هەر پێنج وڵات کۆک بوون لەسەر پاراستنی ئاسایشی ناوچەکە و رووبەڕووبوونەوەی هەڕەشەکانی داعش.
ئاماژەی بەوەشکرد، بەگوێرەی بنەما بنەڕەتییەکان، گەیشتوونەتە رێککەوتنێک بۆ رووبەڕووبوونەوەی ئەو مەترسییانە.
ئەیمەن سەفادی، وەزیری دەرەوەی ئوردنیش رایگەیاند، لە کۆبوونەوەکەدا باسیان لە ئاڵنگارییەکانی بەردەم سووریا و شەڕی داعش و پێویستیی هەوڵێکی هاوبەش کردووە، بۆ بەرەنگاربوونەوەی داعش لە سووریا و جیهان.
هاوکات فوئاد حسین وەزیری دەرەوەی عێراق رایگەیاند، پەیامی عێراق ئاشکرایە، یەکەم کارکردنە لەگەڵ وڵاتانی دیکە بۆ دروستکردنی دۆخێکی سەقامگیر لە سووریا، سەقامگیربوون و ئاسایشی سووریا، کاریگەریی لەسەر ئاسایش و سەقامگیریی وڵاتانی هەرێمایەتی هەیە، بەشی دووەمی پەیامەکەمان ئەوەیە، هاتووین بۆ ئەم کۆبوونەوەیە بەمەبەستی دانانی پلان و بەرەنگاربوونەوەی داعش، بە تێڕوانینی من لەم کۆبوونەوە گرنگەدا گەیشتووین بە بنەما سەرەکییەکانی شێوازی بەرەنگاربوونەوەی داعش و دەرفەتنەدان بە فراوانخوازی ئەو رێکخراوە، بەشێوەیەکی سەرەتایی رێککەوتنکراوە لەسەر پێکهێنانی ژوورێکی ئۆپراسیۆن بۆ ئاڵوگۆڕی زانیاری و دانانی پلانی بەرەنگاربوونەوەی داعش، بێگومان ئەوەش بە بەشداریی ئیدارەی سووریا.
لای خۆشیەوە، هاکان فیدان، وەزیری دەرەوەی تورکیا رایگەیاند، بەردەوام دەبن لە کارکردن بۆ رێگریکردن لە سەرهەڵدانەوەی داعش لە ناوچەکە و نەهێشتنیان بە تەواوی، ئەوەش لەرێگەی تێکەڵکردنی توانای هەر پێنج وڵاتەوە.
هاکان فیدان، گوتی "باسمان لەوە کرد وەک وڵاتانی ناوچەکە، پێکەوە خاوەندارێتیی لە کێشەکانی ناوچەکە بکەین و ئیرادەی خستنەڕووی چارەسەر پیشانبدەین، بەپێچەوانەوە ئەو کاتە کێشەکانی ناوچەکە دەگۆڕێن بۆ کێشەی جیهانیی، ئەوەش دەرگا بە رووی لایەنە نێودەوڵەتییەکان دەکاتەوە دەستوەردان بکەن، ئەو کاتەش زیاتر لەوەی چارەسەر بخرێتەڕوو، رووبەڕووی کێشە دەبینەوە، بۆیە پێویستە وڵاتانی ناوچەکە بەرپرسیارییەتی لەئەستۆبگرن و ئەوەی پێویستە ئەنجامیبدەن. باسمان لە بەرەنگاربوونەوەی تیرۆر و سەقامگیریی سووریا کرد. ئێمە ئەوە دەبینین لە رێگەی هەندێک هاندانەوە، هەوڵدەدرێت سیاسەتی دەسەڵاتی نوێی سووریا لە رێڕەوی خۆی بترازێندرێت. وەک وڵاتانی ناوچەکە گەیشتینە بڕیار لەبارەی پێکهێنانی میکانیزمی هاوبەشی هەواڵگریی و ئۆپراسیۆن دژی داعشیش."
وەزیرانی دەرەوەی هەر پێنج وڵات لەسەر ئەوە کۆک بوون، کۆبوونەوەی داهاتووی وڵاتانی دراوسێی سووریا لە تورکیا ئەنجام بدرێت، بەڵام هیچ وادەیەکیان بۆ ئەنجامدانی ئەو کۆبوونەوەیە رانەگەیاند.
09/03/2025