پوتن: بە مەرج پشتگیریی ئاگربەستی 30ی رۆژەی جەنگی ئۆکرانیا دەکەین
ڤیلادیمیر پوتن، سەرۆکی رووسیا رایگەیاند، پشتگیریی ئاگربەستی 30ی رۆژەی بۆ جەنگی ئۆکرانیا دەکەین، بەڵام هێشتا ناکۆکی ورد لەسەر بابەتەکە هەیە.
پوتن لە کۆنفڕانسێکی رۆژنامەوانیدا رایگەیاند، راگەیاندنی ئاگربەست بۆ ماوەی 30 رۆژ باشتر دەبێت بۆ ئۆکرانیا، بە تایبەت لەم بارودۆخەی ئێستا و بەهۆی رەوشتی ئەو وڵاتەوە لە بەرەکانی جەنگ.
سەرۆکی رووسیا ئاماژەی بەوەشکرد، راگەیاندنی هەر ئاگربەستێک لە ئۆکرانیا، دەبێت بە ئاراستەی ئاشتیەکی هەمیشەیی بێت، بەم نزیکانەش لەگەڵ سەرۆکی ئەمریکا بۆ ئەو مەبەستە قسە دەکات.
لە بەشێکی دیکەی وتەکانیدا پوتن جەختیکردەوە، چارەسەرکردنی کێشەی ئۆکرانیا، پێویستی بەوەیە لە ریشەوە چارەسەر بکرێت.
سەرۆکی رووسیا ئاماژەی بەوەشکرد، بابەتی چاودێکردنی ئاگربەست، پێویستی بە بەدواداچوونێکی قوڵ هەیە.
ئەو وتانەی سەرۆکی روسیا لە کاتێکدایە، دیمیتری پیسکۆڤ، گوتەبێژی کۆشکی سەرۆکایەتیی رووسیا "کرێملن" رایگەیاند، وڵاتەکەى بیر لە بژاردەى چارەسەرکردنى قەیرانى ئۆکرانیا بەشێوەیەکى ئاشتییانە دەکاتەوە، بەڵام پەلەناکات لە راگەیاندنی ئاگربەست.
دیمیتری پیسکۆڤ،گوتەبێژی کرێملن بە رۆژنامەی واشنتن پۆستی ئەمریکی راگەیاندبوو، رووسیا لەگەڵ ئەوەدایە قەیرانى ئۆکرانیا بەشێوەیەکى ئاشتىیانە چارەسەربکرێت و بۆ ئەو مەبەستەش بیر لە بژاردەى یەکلایکەرەوە دەکاتەوە.
رۆژى 11ـی شوباتى 2025، ئەمریکا و ئۆکرانیا لە سعودیە لەبارەى رێککەوتنی کانزاکان و پێشنیازی واشنتن بۆ ئاگربەستی نێوان کیێڤ و مۆسکۆ رێککەوتنێکیان واژۆکرد.
بەگوێرەى راگەیەندراوى هاوبەشى نێوانیان، ئۆکرانیا رەزامەندی لەسەر پێشنیازێکی ئەمریکا بۆ ئاگربەست بۆ ماوەی 30 رۆژ لەگەڵ رووسیادا پیشانداوە، لەگەڵ دەستپێکردنی دانوستان لەگەڵ مۆسکۆ بەزووترین کات.
13/03/2025