نرخی زێڕ بەرزترین ئاستی لە مێژوودا تۆمارکرد

بەشێک لە یەدەگی زێڕ
بەشێک لە یەدەگی زێڕ

نرخی زێڕ لە بازاڕەکانی جیهان لە بەرزبوونەوە بەردەوامە و بۆ یەکەمجار نرخی یەک  ئۆنسە زێڕ سێ هەزار دۆلاری تێپەڕاند.

ماوەی چەند هەفتەیەکە نرخی زێڕ لە بازاڕەکانی جیهان بەردەوام بەرزدەبێتەوە، ئەمڕۆ هەینی نرخی ئۆنسەیەکی گەیشتە سێ هەزار و دوو دۆلار کە ئەوەش بەرزترین نرخی زێڕە لە مێژوودا.

بەرزبوونەوەی نرخی زێڕ هاوکاتە لەگەڵ گرژییە ئابوورییەکانی نێوان ئەوروپا و ئەمریکا لەدوای دەستبەکاربوونی دۆناڵد ترەمپ وەک سەرۆکی ئەمریکا کە چەند جۆرێک باجیان لە دژی یەکدی زیادکردووە و  لەدوایین هەڵوێستیدا سەرۆکی ئەمریکا هەڕەشەی سەپاندنی باجی 200%ـی بەسەر شەراب و شامپانیا و بەرهەمە کحولییەکانی دیکەی فەڕەنسا و وڵاتانی دیکەی یەکێتیی ئەوروپا کرد، ئەمەش وەکو وەڵامدانەوەیەک هات بۆ سەپاندنی باجی پێچەوانە لە لایەن یەکێتیی ئەوروپا، بەسەر بەرهەمە کحولییەکانی ئەمریکادا، ئەو دۆخەش نادڵنیایی و ناسەقامگیریی ئابووریی لە جیهاندا دروستکردووە.

سەرەتای ئەمساڵ نرخی ئۆنسەیەک زێڕ بە دوو هەزار و 624 دۆلار دەستیپێکرد، واتە لەماوەی کەمتر لە سێ مانگدا زیاتر لە 300 دۆلار بەرزبووەتەوە، هاوکات یەک ساڵ لەمەوبەر و لە 14ی ئازاری 2024دا، نرخی ئۆنسەیەک زێڕ بەرامبەر دوو هەزار و 161 دۆلار بووە، بەوەش لەماوەی ساڵێکدا نزیکەی 900 دۆلار بۆ هەر ئۆنسەیەک بەرزبووەتەوە.