لە باکووری کوردستان لێکۆڵینەوە سەبارەت بە شوێنەواری کەشتیی نوح دەکرێت
لەنزیک چیای ئاگری لە باکووری کوردستان، دەستەیەک لە شوێنەوارناسە نێودەوڵەتییەکان بە هاوکاریی حکومەتی تورکیا، سەرقاڵی لێکۆڵینەوەن و بەدوای بەڵگەی کەشتییەکەی نوح دەگەڕێن.
لە شوێنەوارێکی باکووری کوردستان، زنجیرەیەک گردۆلکە لە نزیک چیای ئاگری دۆزراوەتەوە، کە لەسەر شێوەی بنکەی کەشتیی چارۆکەدار هەڵکەوتوون و شوێنەوارناسان گومان دەکەن ئەو شوێنە بێت کە پاش تۆفانەکە کەشتییەکەی نوحی لەسەر گیرساوەتەوە.

ئەم شوێنەوارە ماوەی چوار ساڵە کاری لەسەر دەکرێت و بەردەوام نموونەی لێ وەردەگیرێت، شوێنەوارناسە نێودەوڵەتییەکان لەڕێگەی لێکۆڵینەوە لەسەر پارچە بەبەردبووەکان دەیانەوێت پشتڕاستی بکەنەوە ئەم پێگەیە پێکهاتەیەکی سروشتییە یاخود شوێنەواری کەشتییەکەی نوحە.

بەگوێرەی لێکۆڵینەوەکان، ئەم شوێنەوارە مێژووەکەی دەگەڕێتەوە بۆ پێنج هەزار ساڵ لەمەوبەر، شارەزایان ئاماژە بەوە دەدەن؛ ئەم پێکهاتەیە سروشتییە، بەڵام بەشێکیان مکوڕن سەبارەت بەوەی، شوێنەوارەکە ئاماژەیە بۆ گیرسانەوەی کەشتییەکەی نوح.
18/03/2025