کێن ئەو کەسانەی پێویستیان بە نەشتەرگەریی کراوەی دڵ هەیە؟
لە لێدوانێکیدا بۆ کەناڵ8، د. شکار رەئوف حاجی سەعید، پڕۆفیسۆری یاریدەدەر لە نەشتەرگەریی دڵ و سنگ و بۆرییەکانی خوێن، باسی لە چەند نەخۆشییەکی دڵ کرد کە پێویستیان بە نەشتەرگەریی کراوەی سنگ هەیە.
سەرەتا پسپۆڕەکە ئەو نەخۆشییانەی کە پێویستیان بە نەشتەرگەریی کراوەی دڵ هەیە کرد بە دوو کۆمەڵەوە، ئەو کۆمەڵە نەخۆشییەی کە زگماکین، هەروەها کۆمەڵەی دووەم ئەو نەخۆشییانەن کە وەرگیراون واتە کەسەکە بەهۆی هەڵکشانی تەمەن، خۆراکی ناتەندروست، وەرزشنەکردن، نەخۆشیی شەکرە یان جگەرەکێشانەوە تووشیان دەبێت. ئەم کۆمەڵەیە پەیوەندیی نییە بە گرفتە زگماکی و بۆماوەییەکان، باوترین نمونە لەم کۆمەڵەیەدا بریتییەلە گیرانی بۆرییەکانی دڵ. هەروەها جۆرێکی دیکەی ئەو نەخۆشییانەی کە پێویستییان بە نەشتەرگەریی کراوەی سنگ هەیە، گرفتەکانی زمانەکانی دڵن.
"سەرەکیترین رێگەچارەسەری گرفتە زگماکییەکان، نەشتەرگەریی دڵی کراوەیە".
ئایا نەشتەرگەریی دڵی کراوە تاوەکو چەند لە گەنجاندا باوە؟
لە وەڵامی ئەم پرسیارەدا پسپۆڕەکە گوتی "بەگوێرەی ئەزموونی رۆژانەی خۆمان لەگەڵ چارەخوازاندا، هۆکاری زیادبوونی نەخۆشییەکانی دڵ لە گەنجاندا دەگەڕێتەوە بۆ بڵاوبوونەوەی جگەرە و نێرگەلە، وەرزشنەکردن و بەکارهێنانی زۆری شاشەکان. لەگەڵ ئەوەشدا ئێستا پزیشکی پسپۆڕی بوارەکە زۆرن و توانای دەستنیشانکردنی نەخۆشییەکان زۆر زیاترە بەراورد بە پێشتر".
لە هەرێمی کوردستان ئەم نەشتەرگەرییانە لە چ ئاستێکدان؟
"بە خۆشحاڵییەوە ئێستا لە کوردستان، بەتایبەتیش لە سلێمانی، هەموو نەشتەرگەرییەکانی دڵ بێجگە لە نەشتەرگەریی گۆڕینی دڵ، ئەنجامدەدرێن. هەریەکێک لە نەشتەرگەرییەکانی گۆڕین و چاککردنی زمانەکانی دڵ، گۆڕینی بۆرییەکانی خوێنی دڵ و نەشتەرگەرییەکانی سەر شاخوێنبەر بە بەکارهێنانی تەکنەلۆجیای نوێ و رێگەچارەسەرە کۆنەکانیش ئەنجامدەدرێن".
20/03/2025