هۆکارەکانی زۆربوون و کەمبوونەوەی جووڵەی کۆرپەلە
لە مانگی پێنجەم و هەندێجار کۆتایی مانگی چوارەمدا هەست بە جووڵەی کۆرپەلە دەکرێت، بەزۆری جووڵەی کۆرپەلە لە ماوەی پاشنیوەڕوان و ئێواراندا دەبێت.
هیچ کاتێکی دیاریکراو بۆ ژمارەی جووڵەکان دانەنراوە، بەڵام بەزۆری دوو بۆ سێ جارە لە ماوەی کاتژمێرێکدا پاش نانخواردنی نیوەڕوان یان ئێواران. پێویستە دایک چاودێریی جووڵەکە بکات و هەر گۆڕانکارییەک لە شێوازی جووڵەدا دەبێت پزیشکی پسپۆر ئاگادار بکرێتەوە.
کۆرپەلە بۆ ماوەی 40 بۆ 90 خولەک دەخەوێت، هەندێجار لەم ماوەیەدا بەبێ جووڵە دەبێت.
لەگەڵ بەرەو پێشچوونی دووگیانی و گەشەکردنی قەبارەی کۆرپەلە، شوێنی مانەوەی منداڵەکە لە منداڵداندا تەسک دەبێتەوە و چڕیی جووڵە کەمدەبێتەوە، بەڵام ژمارەی جووڵەکان ناگۆڕێت.
هۆکارەکانی زیادبوونی جوڵەی کۆرپەلە:
• کێشەی منداڵدان و گرفتەکانی گەیاندنی خوێن بۆ کۆرپەلە: لەوانەیە منداڵدان بەهۆی زەبرێکەوە بە توندی بجووڵێت، پاش ماوەیەک دایکەکە هەستی جووڵەی کۆرپەکە بەتەواوی لەدەستدەدات و ئەمەش نیشانەیەکی مەترسیدارە.
• لەکاتی خەوتنی دایک بە لایەکدا جووڵە زۆردەبێت
• دوای کاتژمێر 9 و تاوەکو 12ـی شەو جووڵەی کۆرپە زۆردەبێت
• لەگەڵ زیادەڕۆیی لە خواردنی شەکر و کافاییندا
هۆکارەکانی نەبوون یان کەمیی جووڵەی کۆرپەلە:
• سەرقاڵبوونی دایک، ماندوویی و فشاری دەروونی.
• کاتێک دیواری سک ئەستوور دەبێت، هەستی ئازاری جووڵە کەم دەبێتەوە، وەکو قەڵەوی یان زۆردبوونی شلەی ئامنیۆنی.
• کاتێک وێڵاش لە پێشەوەی کۆرپەلە بێت یان پشتی کۆرپەلە بەرەو پێشەوە بێت
• خواردنی دەرمانی ئازارشکێن و هێورکەرەوە و جگەرەکێشان
• کاتێک تەندروستیی کۆرپەلە باش نییە بەهۆی کەمیی خۆراک کە دەگاتە کۆرپەلە بەهۆی ئاڵۆزیەکانی وێڵاژ یان ناوکەپەتکەوە
• کەمیی شلەی ئامنیۆنی لە دەوری کۆرپەلە دەبێتەهۆی تێکچوونی پەردە، لاوازی کۆرپەلە، یان نائاسایی لە تەندروستیی کۆرپەلەدا
رێنمایی ئێمە:
کاتێک گۆڕانکاری لە شێوازی جووڵەدا روویدا، پێویستە فشاری دەروونی کەمبکەیتەوە و پشووبدەیت و شلەمەنی و شیرینی بخۆیت، چەند پەرداخێک ئاو بخۆیتەوە و خواردنی نانی نیوەڕۆ پشتگوێنەخەیت. هەروەها گرنگترین شت ئەوەیە کە سۆنار بکەیت.
د. پۆیلە حەبیب زەنگەنە، پسپۆڕی نەخۆشییەکانی ژنان و منداڵبوون
21/03/2025