ریزبەندیی دڵخۆشترین وڵاتانی جیهان دیاریکرا

پێگەی دڵخۆشترین وڵاتانی جیهان دیاریکرا
پێگەی دڵخۆشترین وڵاتانی جیهان دیاریکرا

لە ریزبەندی دڵخۆشترین وڵاتانی جیهاندا، بۆ هەشتەم ساڵ لەسەر یەک، فینلاند لە ریزبەندیی یەکەمدا مایەوە و ئیماراتیش هاتووەتە پلەی 21، عێراقیش لە کۆی 147 وڵات لە پلەی 101ەمیندایە.

ئەمڕۆ پێنجشەممە (20ـی ئازاری 2025) پێگەی دڵخۆشترین وڵاتانی جیهان، راپۆرتی ساڵی 2025ـی بڵاوکردەوە و ئەمریکا خراپترین پلەی وەرگرت بە بەراورد بە ساڵەکانی دیکە و لە ریزبەندی 24 جێگیر بووە، کە بەراورد بە ساڵی رابردوو، چوار پلە هاتووەتە خوار.

بەگوێرەی راپۆرتەکە، بۆ ئەمساڵ عێراق لە پلەی 101 دایە و ئەفغانستانیش لە پلەی 147ـی کۆتا پلەدا ناوی هاتووە، لە ریزبەندی وڵاتانی عەرەبیش، ئیمارات لە پلەی 21ـی پۆلێنەکە و پلەی یەکەمی وڵاتانی عەرەبیدایە.

لە پاش فینلاند، هەریەک لە دانیمارک، ئایسلەند و سوید، هاوشێوەی ساڵی 2024 پلەکانی سەرەوەی پۆلێنبەندییەکەیان وەرگرتووە.

راپۆرتەکە پشتبەستن بە داتای وڵاتان بۆ تێکڕای تەمەنی دانیشتووان، بارودۆخی ئابووری، دابینکردنی پاڵپشتیی کۆمەڵایەتی، ژیانێکی تەندروست، ئازادی، بەخشندەیی و رێژەی گەندەڵی دەبەستێت.

لە فۆڕمی راپرسییەکەدا کە راپۆرتەکە پشتی پێبەستووە، داواکراوە هاوڵاتییان بەشێوەیەکی گشتی ژیانی خۆیان هەڵبسەنگێنن، هەر بەگوێرەی ئەو هەڵسانگاندنەش، کە پڕ کراوەتەوە، ریزبەندی وڵاتان دیاریکراوە.