د. قەحتان، لە ئاکرێوە بۆ هەموو کوردستان
رەنگە بتوانین چەند ناونیشانێكی جیاواز بۆ رووداوی مەرگی جوانەمەرگ دكتۆر قەحتان دابڕێژین، دەتوانین بەوە بیناسێنین و بڵێین ئەو دكتۆرەی لەپێناو بڕوا و ئاواتەكانی لە ئێشكگریدا ژیا و لە ئێشكگریدا رۆیشت، ئەو دكتۆرەی بوو بە قوربانیی سیستمی خواروخێچی تەندروستی و هزری خۆسەپێنی خێڵەكی.
دكتۆر قەحتان جیهاد سورچی خەڵكی گوندی (گەرمكا)ی دەوروبەری ئاكرێ بوو، لەدوای هەوڵدانێكی سەخت و شەونخونییەكی زۆر كۆلێجی پزیشكی بەدەست هێنابوو و ئەو كۆلێجەی تەواوكرد بە دنیایەك خەیاڵ و شەكەتییەوە، بەهۆی بارودۆخی تایبەتی ماڵباتەكەی و خراپیی رەوشی مووچە، دكتۆر ناچار دەبوو بێجگە لە دەوامی ئاسایی خۆی، دەوام و ئێشكگریی هاوڕێیانیشی بكات و بەردەوام لە ئێشكگریدا دەبینرا، جاری وا هەبوو نزیكی دوو مانگ و زیاتریشی بەسەریەكەوە لە دەوام و خانەی پزیشكان بەسەر دەبرد، ماندووبوون و هیلاكیی ئەو دەوامە زۆرە هەرگیز نەدەبووە هۆی كەمبوونەوەی خۆشەویستیی دكتۆر بۆ نەخۆشەكانی، بەڵكو هەردەم دڵسۆزی و نەرمونیانی باڵی بەسەر رەفتار و ژیانی رۆژانەیدا دەكێشا بەرامبەر ئەو چارەخوازانەی روویان تێدەكرد. ئەوەندە سنگ فراوان بوو هەرگیز لە نەخۆشخانە و دەرەوەی نەخۆشخانە تووڕەیی و گرژیت لێ نەدەبینی.
دکتۆری جوانەمەرگ لە دوا كاتژمێرەكانی ئێشکگریی خۆی لە نەخۆشخانەی گشتیی مێرگەسۆر لە بەرواری 21ـی ئازاری 2025 دوای ئەوەی هاونیشتمانییەک گوللە بەخۆیەوە دەنێت و بریندار دەبێت، بڕیاری رەوانەكردنی دەدەن بۆ نەخۆشخانەی بلێ، وەكو شایەتحاڵەكان باسی دەكەن بەهۆی زەخت و زۆریی ماڵباتی بریندارەكە، پەلەپەل دروست دەبێت و دكتۆریش لەجیاتی لە پێشەوەی ئەمبوڵانس، لە دواوەی ئەمبوڵانس جێگیردەبێت. ئیدی لە رێگە تووشی رووداوی هاتوچۆ دەبن، كارەساتەكە ئەوەیە كە بوتڵی گەورەی ئۆكسجین كە بەهیچ شێوەیەك نابێت لەناو ئەمبوڵانسدا دابنرێت، لەكاتی رووداوەكە بەر سەری دكتۆری جوانەمەرگ كەوتووە بووەتەهۆی تێكچوون و دژواریی حاڵەتە تەندروستییەكەی. بێجگە لە دكتۆر قەحتان، حاڵەتی تەندروستیی هەموو سەرنشینانی دیکە تاڕادەیەك جێگیربوو. دوای رووداوەكە جوانەمەرگ بە ئۆتۆمبێلێكی تایبەت دەگوازرێتەوە بۆ نەخۆشخانەی بلێ، كەچی ئەویش لە رێگەدا وەردەگەڕێت و دكتۆری ئازیزمان گیان دەسپێرێت.
ئەوەی داخەكە گەورەتر دەكات ئەو هەواڵانەن كە لە نەخۆشخانەی بلێــوە پێمان گەیشتن بەوەی كە كەس لە ماڵباتی بریندارەكە كە هۆكارێكی سەرەكیی رووداوەكە بوونە، هەر بەخەیاڵیاندا نەهاتووە كە دكتۆر كەوتۆتە ئەو بارودۆخە نالەبارەوە و بە رووداوێكی زۆر ئاسایی وەرگیراوە! لە كاتێكدا زۆرترین خوێنی رژاو لە نەخۆشخانەی بلێ هی دكتۆر قەحتان بوو و خراپترین حاڵەتیش هەر دكتۆر قەحتان بوو.
هەزاران سڵاو لە گیانی پاكت ئەی هاوڕێی خۆشەویست، ئەی دڵسۆز و خەمخۆری هەمووان، هەر لە رێگەی دڵسۆزیشدا گیانت بەخت كرد، زۆر بەداخەوە لە بێباكی كاربەدەست و سەبەبكاران لە پێش و دوای گیانسپاردنت.
د. بژار سورچی
25/03/2025