باکرهان بۆ کەناڵ8: پشت بە خودا ئۆجەلان و دەمیرتاش ئازاد دەکرێن
تونجەر باکرهان، هاوسەرۆکی پارتی دەم لە وەڵامی پرسیارێکی پەیامنێری کەناڵ8 لەبارەی دەنگۆی ئازادکردنی سەڵاحەدین دەمیرتاش، هاوسەرۆکی پێشووتری هەدەپە لە چەند رۆژی داهاتوودا گوتی "پشت بە خودا عەبدوڵا ئۆجەلان و سەڵاحەدین دەمیرتاش و هەزاران بەندکراوی سیاسیی کورد لە زیندان ئازاد دەکرێن". دەڵێت "چونکە یەکێک لە بابەتە هەرە گرنگەکان، ئازادکردنى بەندکراوانە".
باکرهان لە نۆزدەیەمین کۆنفرانسى نێودەوڵەتیى رۆژهەڵاتى ناوەڕاست (کورد و تورکیا) لە وەڵامی پەیامنێری کەناڵ8 لەبارەی دیدارەکانیان لەگەڵ عەبدوڵا ئۆجەلان، رێبەری زیندانیکراوی پەکەکە، گوتی "هیچ بابەتێکی شاراوە و نهێنییان نییە و هەر شتێک لە ئیمراڵی روویدا بێت بۆ لایەنەکانیان خستووەتەڕوو". گوتیشی "داوايان لە وەزارەتی داد کردووە رێگە بەشاندەکەيان بدات سەردانی ئیمراڵی بکەنەوە".
باکرهان ئاماژەی بەوەشکرد، لە لایەنی حکومەتەوە بۆچوونى جیاواز دەربارەی پڕۆسەکە هەیە، بەڵام بۆ یەکەمجارە کورد یەکگرتووە و یەک بۆچوونی هەیە.
لە وەڵامی پرسیارێکی دیکەی کەناڵ8 لەبارەی دەنگۆی راگرتنی پرۆسەکە، هاوسەرۆکی پارتی دەم رەتیکردەوە، پرۆسەکە وەستابێت و گوتی "پرۆسەکە بەردەوامە بەڵام بە خێرایی ناچێتە پێشەوە".
تونجەر باکرهان، هاوسەرۆکی پارتی دەم گوتی، "ئێمە ئەنجامی دیدارەکانمان لەگەڵ هەموو لایەک بەش دەکەین و هیچ شتێکی شاراوە و نهێنیمان نییە بیشارینەوە. هەموو کارەکانمان روون و ئاشکران. تەواویی وردەکارییەکانمان خستووەتەڕوو، هەربۆیە هەموو خەڵکی تورکیا دەزانن ئێمە چیمان کردووە، وەک بەردەوامییەکی ئەم پرۆسەیەی دەستیپێکردووە، هەموو پێشهاتەکان لەگەڵ بەڕێزان دەمیرتاش و فیگەن یەکسەکداغ و هەزاران سیاسیی بەندکراوی کورد دابەشدەکەین و هاوکاریی هەیە لەنێوانمان".
باکرهان گوتیشی، "ئەگەر سەرنج بدەن بۆ یەکەمجار لە زەمینەی سیاسیی کوردییدا یەک زمان، کردار و گوتار هەیە و ئەوەش زۆر گرنگە. دەکرێت لە لایەنی حکومەتەوە روونکردنەوە و بۆچوونی جیاواز بخرێتەڕوو و بیبیستن، بەڵام ئێمە بەهۆی ئەوەی زەمینەی کارەکەمان بە دروستی بەڕێوەبردووە، کێشەی بۆچوون جیاییمان نییە، ئیشەڵا بەڕێز ئۆجەلان و بەڕێز دەمیرتاش و هەزاران بەندکراوی سیاسیی کورد لە زیندان ئازاد دەبن، چونکە یەکێک لە بابەتە هەرە گرنگەکان ئازادبوونی بەدکراوانە".
دووبارە جەختیشیکردەوە، "شاندەکەمان داوای لە وەزارەتی داد کردووە بۆ چوونە ئیمراڵی، کەسوکارەکەی ئۆجەلانیش داوای دیداریان کردووە و وەزارەتی داد هەڵیدەسەنگێنێت. مادام پرسیاریت کرد با بیڵێم؛ داوای ئێمە بۆ هەڵگرتنی گۆشەگیرییە لەسەر بەڕێز ئۆجەلان . ئێمە هەمیشە جەختمان لەوە کردووەتەوە پێویستە بارودۆخی گفتوگۆ لەگەڵ ئۆجەلان باش بکرێت و بواری بۆ بڕەخسێندرێت بەردەوام لە گفتوگۆدابێت لەگەڵ کۆمەڵگەدا، واتە بارودۆخی کارکردنی باش بکرێت. سەردانی شاندەکە چەند مانگ جارێک بە مانای هەڵگرتنی گۆشەگیری لەسەر ئۆجەلان نایەت، ئێمە نەمانگوتووە پڕسەکە راگیراوە و گیری کردووە، تەنیا ئەوەیە بە خێرایی ناچێتە پێشەوە. لەبەرئەوەی زانیاریی روونم لا نییە نامەوێت هیچ شتێک بڵێم، لە سەرەتای پرۆسەکەداین و بەهیواین و چاوەڕوانین بەرەوپێشەوە بچێت، ئێرە تورکیایە و بێگومان را جیایی لەناو حکومەتدا هەیە دەربارەی پرۆسەکە."
27/03/2025