ڤێرشتاپن دەبێتە پاڵەوانی ئەم وەرزەی فۆرمولا وەن

ماکس ڤێرشتاپن، پاڵەوانی فۆرمولا1. فۆتۆ: AP
ماکس ڤێرشتاپن، پاڵەوانی فۆرمولا1. فۆتۆ: AP

ماکس ڤێرشتاپن، شۆفێری هۆڵەندیی تیمی "ڕێدبوڵ" لە خێراییدا بووەتە دیاردەی ئەم سەردەمە و پێنج جەولە پێش کۆتاییهاتنی وەرز، ناسناوی ئەم وەرزەی فۆرمولا وەنی یەکلاییکردەوە و بۆ سێیەمجاریش لە مێژوویدا باوە پاڵەوانی جیهان و ئەو شۆفێرەی کەس ناتوانێت شانبەشانی دەربچێت.

ڤێرشتاپن لە پێشبڕکێی قەتەر سوودی لە کشانەوەی سێرجیۆ پێرێزی مەکسیکی وەرگرت، لە نیوەی پێشبڕکێکەوە بەڕێوەبەری تیمی رێدبوڵ بە ڤێرشتاپنی گووت "پیرۆزە، پێرێزی هاوڕێمان کشایەوە، جەنابت ئەم وەرزەش یەکەمیت و ناسناوەکە مسۆگەرە"، چونکە ماکس لەنێو مەیدانی لوسێل هیچ رکابەرێکی نەما، بەڵام سەرپەرشتیارانی فۆرمولا وەن ترسیان لەوە هەبوو ئەو راستییە لە جوانیی پێشبڕکێکە کەمبکاتەوە، بۆیە ئاگاداریانکردەوە، هێشتا پێشبڕکێکەی تەواو نەکردووە و نەبووە بەپاڵەوان.

ڤێرشتاپن لە پلەی دووەمدا دەهات و کەوتە دوای ئۆسکار پیاستریی لە تیمی ماکلارین، بەڵام پلەی دووەمیش هیچ عەیبی نەبوو، ژمارەی خاڵەکانی ماکسی دەگەیاندە 400 و هیچ شۆفێرێک نەیدەتوانی لە دوایین پێنج پێشبڕکێدا پلەی یەکەم لە چنگی دەربکات.

ڤێرشتاپن، هەفتەی رابردوو لە ژاپۆن تیمە گەورەکەی نەمسای کردە پاڵەوانی جیهان، لەم جەولەیەشدا خۆی بووە پاڵەوانی جیهان، یەکەمین شۆفێری هۆڵەندیشە سێجار دەبێتە پاڵەوان، هاوکات 11هەمین شۆفێرە لە مێژووی فۆرمولا وەن کە سێ ناسناوی وەرز بەسەریەکەوە دەباتەوە، لەم وەرزەشدا لەکۆی 16 پێشبڕکێ توانی 13جار پلەی یەکەم بەدەستبهێنێت، 400 خاڵی کۆکردەوە.

ئەوەی ماکس لە شۆفێرانی پێش خۆی جیادەکاتەوە، تەمەنە گونجاوەکەیەتی کە 26 ساڵە، چاوەرواندەکرێت لە وەرزەکانی داهاتووشدا بە هەمان گوڕووتین و ئاستەوە ریکۆردە مێژووییەکانی شوماخەر و هامیڵتۆن هاوتا بکاتەوە.