تەمەڵیی هێلکەدان چییە ؟
تەمەڵیی هێلکەدان گرفتێکی تەندروستیی خانمانە و لە پێش تەمەنی 40 ساڵییەوە دەردەکەوێت. تاوەکو ئێستا هۆکاری تووشبوون بە تەمەڵیی هێلکەدان نادیارە، بەڵام هەندێک هۆکار مەترسیی تووشبوون زیاددەکەن.
لەم حاڵەتەدا، خانمەکە بە شێوازێکی پچڕپچڕ و درەنگ هێلکەی دادەبەزێت و دەکەوێتە سووڕی مانگانەوە.
نیشانەکانی ئەم گرفتە چین؟
بە شێوازێکی ئاسایی، هێلکەدانەکان هۆرمۆنی ئیسترۆجین بەرهەمدەهێنن، هەربۆیە کاتێک خانمێک تووشی تەمەڵبوونی هێلکەدان دەبێت، رێژەی بەرهەمهێنانی ئەم هۆرمۆنەش لە جەستەیدا کەمدەبێتەوە، ئەمەش چەند نیشانەیەک دروستدەکات وەکو:
- ناڕێکیی سووڕی مانگانە
- دواکەوتنی دووگیانی
- گۆڕانی دۆخی دەروونی (لەوانەیە خانمەکە تووشی خەمۆکی ببێت و تووڕەش بێت)
- کەمخەوی
- هەستکردن بە گەرما، ئەم نیشانەیە لە نیشانەی وەستانی سووڕی مانگانەش دەچێت
- وشکبوونەوەی زێ
- گرفتی سەرنج و یادگە
- کەمبوونەوەی ئارەزووی سێکسی
جیاوازیی نێوان تەمەڵیی هێلکەدان و وەستانی سووڕی مانگانە چییە؟
لەوانەیە هەندێجار ئەم دوو حاڵەتە تێکەڵبکرێن، بەڵام لە راستیدا جیاوازیی گەورە لە نێوانیاندا هەیە، بۆ نموونە ئەو خانمانەی سووڕی مانگانەیان دەوەستێت، چیدی ناکەونە سووڕی مانگانە و هێلکەشیان دانابەزێت، بە پێچەوانەوە ئەو خانمانەی تووشی تەمەڵیی هێلکەدان دەبن، دەکەونە سووڕی مانگانە و هێلکەشیان دادەبەزێت، بەڵام بە شێوازێکی ناڕێک و درەنگ.
د. هاژە عەبدوڵا سەلیم، دبلۆمی باڵا لە نەخۆشییەکانی ژنان و منداڵبوون و نەزۆکی
08/04/2025