ململانێکانی ئێران و ئەمریکا لە 1979ـەوە تا ئێستا بەردەوامن

وێستگەیەکی ئەتۆمیی ئێران
وێستگەیەکی ئەتۆمیی ئێران

ململانێکانی ئێران و ئەمریکا لە ساڵی 1979، لەدوای هەڵگیرسانی شۆڕشی کۆماری ئیسلامیی ئێران دەستیان پێکرد.

خومەینی رابەری شۆڕشی ئیسلامیی ئێران، ئەمریکای بە "شەیتانی گەورە" ناودەبرد و "خوێندکارانی شوێنکەوتووی رابەری شۆڕشی ئێرانیش" باڵیۆزخانەی ئەمریکایان لە 4ی تشرینی دووەمی 1979 لە تاران کۆنترۆڵکرد، کە بە "لانەی سیخوڕی"یان دەزانی و بۆ ماوەی 444 رۆژ کارمەندان و دیپلۆماتکارانی باڵیۆزخانەکەیان بە بارمتە گرت.

ئەمریکاش پەیوەندییەکانی لەگەڵ ئێران پچڕاند و دەستیکرد بەسەپاندنی سزاکان بەسەر ئێراندا.

گرژییەکانی ئێران و ئەمریکا تاوەکو دەهات زیاتر هەڵدەکشان، ئێران لە چوارچێوەی پلانی "هەناردەکردنی شۆڕشی ئیسلامی"دا دەستیکرد بە دروستکردنی گرووپی وەک حیزبوڵا لە لوبنان و هاوکاریکردنی گرووپە جیهادی و دژبەرەکانی ئەمریکا و ئیسرائیل لە ناوچەکە و سەرتاسەری جیهان دا.

ئەمریکا تەقاندنەوەی باڵیۆزخانەکەی لە بەیروت و بنکە سەربازییەکانی لە لوبنان و سعودیە و تەقاندنەوەی ناوەندی رۆشنبیریی جووەکان لە ئەرجەنتین لە نەوەتەکان و هەروەها تیرۆرکردنی نەیارەکانی ئێران لە ئەوروپا، بە کاری ئێران و گرووپەکانی ئێران دەزانی و هەر یەک لەو رووداوانە بوونە هۆی ئاڵۆزبوونی زیاتری کێشەکانی نێوان ئێران و ئەمریکا.

لەگەڵ زیاتربوونی گرژییەکان، ئەمریکا بەردەوامبوو لە سەپاندنی سزای زیاتر بەسەر کەرتەکانی ئابووری و بانکی، سەربازی و پیشەسازی، نەوت و گازی ئێران دا.

ئێستا ئەمریکا و ئێران دوای 45 ساڵ لە ململانێی سیاسی، ئابووری، سەربازی و سزاکان لە دژی یەکدی، دەیانەوێت سنوورێک بۆ ئەو ململانێیانە دابنێن و بۆ ئەوەش ژمارەیەک داواکارییان لە یەکدی هەیە.

ئەمریکا دەیەوێت ئێران بەرنامە ئەتۆمییەکەی هەڵبوەشێنێتەوە و چەکی ئەتۆم  دروستنەکات و بەرنامەی موشەکی و درۆنەکانی بوەستێنێت و هاوکاریی گرووپە چەکدارەکانیش رابگرێت.

ئێرانیش دەیەوێت ئەمریکا پارە بلۆککراوەکانی ئازاد بکات و سزاکانی هەڵبوەشێنێتەوە و دانوستانەکانیش تەنیا لەسەر بەرنامەی ئەتۆمی بن، نەک بەرنامەی موشەکی و درۆنی.