روونكردنەوەیەك لە هاتوچۆی راپەڕینەوە لەبارەی دەنگۆی بردنی 750 ملیۆن دینار

دینارى عێراقى. فۆتۆ: حەمەسوور - کەناڵ8
دینارى عێراقى. فۆتۆ: حەمەسوور - کەناڵ8

بەڕێوەبەرى گشتیى هاتوچۆی راپەڕین ئەو دەنگۆیانە رەتدەكاتەوە كە باس لەوەدەكەن، كارمەندێكی بەڕێوەبەرایەتییەكەیان بڕی 750 ملیۆن دیناری بردبێت و دەڵێت: تەنیا دەنگۆیە.

حەسەن کەلکانى، بەڕێوەبەرى گشتیى هاتوچۆی راپەڕین بە کەناڵ8ـی راگەیاند، "ساڵانە ئێمە وردبینى لە داهاتى خۆمان دەکەین و تاوەكو ئێستا لە وردبینى تەواونەبووین و حساباتى وەسڵ و نووسراوەکان ماون".

گوتیشی، "ئەوەى بڵاوبووەتەوە گوایە کارمەندێک 750 ملیۆن دینارى داهاتى بەڕێوەبەرایەتى بردووە دوورە لە راستییەوە، چونکە داهاتى مانگانەی ئێمە ناگات بەو بڕە پارەیە".

حەسەن کەلکانى روونیشیكردەوە، داهاتی مانگانەمان لەنێوان 250 بۆ 300 ملیۆن دینار دەبێت، هۆکارى بڵاوبوونەوەى ئەو هەواڵەش ئەوەیە کە کارمەندێکمان لە رۆژى پێنجشەممەوە دیارنییە و ناتوانرێت پەیوەندى پێوەبکرێت.