بەیتۆجان کۆچی دواییدەكات
شەوی 12/9/2023 پاش ململانێیەکی سەخت لەگەڵ نەخۆشیدا و لەوڵاتی سوید هونەرمەندی کورد (بەیتۆ جان) لە تەمەنی 67 ساڵیدا کۆچی دواییکرد.
بەیتوڵا گونەری، ناسراو بە یتۆجان، لەساڵی 1955 لە شارۆچکەی فارقین-ی سەر بە پارێزگای دیاربەکر لە باکووری کوردستان لە دایکبووە، لەتەمەنی هەشت ساڵییەوە، خێزانەکەیان چوونەتە دیاربەکر و لەوێ نیشتەجێبوون.
بەیتۆجان، لە نەورۆزی 1986 بەهۆی ئەوەی بە كوردی گۆرانی دەڵێت، نزیكەی شەش ساڵ زیندانی دەكرێت.
پاش ئازادبوونی لەساڵی 1991 دەچێتە وڵاتی سوید و تا کۆتایی تەمەنی لەوێ دەمێنێتەوە، بەیتۆ، ساڵانێکی زۆرە گۆرانیی دەچڕێت و هەوادارێکى زۆرى هەیە، چەندان گۆرانیبێژ بەرهەمەكانی ئەویان گوتووەتەوە، (ئاگر کەتیە دلێ من، دیاربەکر مالا من و ئەز بمرم) لە گۆرانییە بەناوبانگەکانین.
یەکەم ئەلبوومی گۆرانی بەیتۆ، لەساڵی 1990 بڵاوکرایەوە و ساڵێک دوای بڵاوبوونەوەی ئەلبوومەکەی بەرەو ئەوروپا کەوتەڕێ و لە سوید نیشتەجێبوو، خاوەنی چوار ئەلبوومی گۆرانییە بە ناوەکانی؛ (یان مرن یان دیاربەکر، تە نادەن من، 21ـی ئادار و ئەتونا دلێ من).
دوای 23 ساڵ و لەساڵی 2014 سەردانی دیاربەکرى باکووری کوردستانی کردەوە و کۆنسێرتێکی سازکرد، لەساڵی 2020ەوە لە ململانێیەکی سەختدا بوو لەگەڵ نەخۆشیدا، چەندجارێک میدیا و سۆشیاڵ میدیا، هەواڵی مردنیان بڵاوکردەوە، بەڵام لە کۆتاییدا و لە 12ی ئەیلولی 2023، لە یەکێک لە نەخۆشخانەکانی شاری ستۆکهۆڵم گیانیلەدەستدا و هەر لەوێش بە خاکسپێردرا.
11/10/2023