دەستێوەردانی ترەمپ لە کاروباری بانکی فیدراڵی ئەمریکا ناکۆکیی لێکەوتووەتەوە
جیاواز لە زیادکردنى باجەکان، ئەمجارە دۆناڵد ترەمپ، دەستوەردان لە کاروباری دامەزراوەیەکى وڵاتەکەى دەکات، کە بەتەواویی سەربەخۆیە، ئەمەش وا لێکدەدرێتەوە لێکەوتەکانی شەڕی بازرگانی بۆ جیهان و ناوخۆی ئەمریکاش فراوانتر بکات.
دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا، بۆ رەوینەوەی لێکەوتە خراپەکانی زیادکردنی باج لەسەر 185 وڵاتی جیهان داوای کەمکردنەوەی رێژەی سوودی بانکی لە جیرۆم پاوڵ، سەرۆکی بانکی فیدراڵی دەکات و لە بەرامبەردا سەرۆکی بانکەکە ناڕەزایەتی دەردەبڕێت بەوەی کەمکردنەوەی رێژەی سوود کێشەى ئابووری بۆ ئەمریکا دروستدەکات.
پێنج ساڵ لەمەوبەر پەتای کۆرۆنا گەشەی ئابووریی جیهانی خاوکردەوە و رێژەی هەڵاوسانی بەرزکردەوە، وڵاتان بەهەموو توانایانەوەوە لە هەوڵدابوون تاوەکو رێژەکان دابەزێنن و زاڵ بن بەسەر لێکەوتەکانیاندا، ئەمریکاش یەکێک لەو وڵاتانە بوو، رێژەی هەڵاوسان تیایدا بەخێرایی بەرزبووەوە لە 0.1%ـەوە گەیشتە 1.4% و لە بەرزترین ئاستیشدا پاش هەڵگیرسانی جەنگی رووسیا و ئۆکرانیا، گەیشتە %9.1، سەرەڕای هەوڵەکانیش، بەگوێرەی دوایین داتا رێژەی هەڵاوسان لە ئەمریکا گەڕاوەتەوە بۆ 2.4% و ئامانجی بانکی فیدراڵیی وڵاتەکەیە بیگەیەنێتە 2%، پاوڵیش نیگەرانە، کەمکردنەوەی رێژەی سوودی بانکی نەگاتە ئاستی دڵخوازیی خۆى و ریسەکەی لێ ببێتەوە بە خوری.
ترسى شارەزایانى ئابووریى ئەمریکا لەوەیە، دەستوەردانەکانى ترەمپ لە کاروبارەکانى بانکى فیدراڵی وڵاتەکە بگێڕێتەوە بۆ سەردەمی کۆرۆنا و سەرەتاکانى جەنگی رووسیا و ئۆکرانیا، تەنانەت ئەگەر بۆ ماوەیەکی کورتخایەنیش بێت، کە خەریکە لێکەوتەکانی ناکۆکیی نێوان ترەمپ و جیرۆم پاوڵ، ئەوەى لێدەکەوێتەوە.
بەجۆرێک، دایان سوۆنک، بەڕێوەبەرى دارایی لە کۆمپانیای 'کەی پی ئێم جی' و ستیفانی رۆت، بەڕێوەبەرى دارایی لە کۆمپانیای 'وۆڵف ریسێرچ' و بەشێکی زۆر لە ئابووریناسانى ئەمریکا لەسەر ئەوە کۆکن، پلانە گومرگییەکانی ئیدارەی ئەمریکا، دەبێتە هۆی بەرزبوونەوەی نرخەکان و گەشەی ئابووری خاوتردەکاتەوە.
دەشڵێن، ئەگەر سەرۆکی ئەمریکا دەستێوەردان لە کاروباری بانکی فیدراڵیی بکات، ئەوا ئەو سەربەخۆییە لەدەستدەدات کە زیاتر لە یەک سەدەیە بەدەستی هێناوە و ئەمەش کاریگەریی نەرێنی لەسەر متمانەی وڵاتەکە دروستدەکات.
جیرۆم پاوڵ، ماوەی یاسایی کارکردنی لە مانگی ئایاری 2026 کۆتایی دێت و ترەمپ رایگەیاندووە، رێگە نادات بە دووبارە دانانەوەی لە پۆستەکەیدا، لە بەرامبەردا پاوڵ دەڵێت، هیچ نیازێکی بۆ وازهێنان نییە و رژدە لەسەر ئەوەی بڕیاردان لە سیاسەتی بانکەکە، دەبێت بە یاسایی و شیکاریی ورد بێت.
ململانێی نێوان سەرۆکی بانکەکە و سەرۆکی وڵاتەکە نوێ نییە و لە خولی یەکەمی سەرۆکایەتی ترەمپدا هەر بەهەمان شێوە بووە، بەڵام هەرگیز نەگەیشتووەتە ئاستی ئێستا و ئەمەش کاریگەریی لەسەر بەهای دراو و پشکی بازاڕە داراییەکان دروستکردووە، سەرەڕای نادڵنیاییەکانی سیاسەتی باج و شەڕی بازرگانی.
19/04/2025